ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق 250 ملیار دینارى دیكه‌ بۆ پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران خه‌رج ده‌كات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی هه‌فتانه‌ى خۆی ئه‌نجامدا و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا كه‌ 250 ملیار دینارى دیكه‌ وه‌كو شایسته‌ى دارایی جوتیاران خه‌رج بكرێت.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى نوسینگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی هه‌فتانه‌ى خۆی به‌سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمى ئه‌نجامدا و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی چه‌ند پرسێكیان كردووه‌، له‌وانه‌ش پێشهاته‌ سیاسیی و ئه‌منییه‌كان و چه‌ند دۆسییه‌كى ئابوریی.

هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كازمى كۆمه‌ڵێك ڕێنوێنى وه‌زیره‌كانى كردووه‌ له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ خزمه‌ت به‌ هاوڵاتییان ده‌كات و جه‌ختى له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ نابێت ڕووداوه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆخ و ژیانى هاوڵاتییان هه‌بێت.

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا بڕیاردرا كه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواخستنى دانه‌وه‌ى قه‌رزی كۆمپانیاكان بدرێت، كه‌ به‌پێی یاسا ئه‌و پێبژاردنه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرابوو.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕی به‌خه‌رجكردنى 250 ملیار دینارى دیكه‌ وه‌كو شایسته‌ى گه‌نمى جوتیاران.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی پرۆژه‌ى سندوقی خانه‌نشینی مامۆستایانى زانكۆ و په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كان كراوه‌.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی كۆتاییهێنان بە برسێتی لە جیهاندا وەڵامی مەسك دەداتەوە

بابەتی دواتر

ناوچە شوێنەوارییەكانی عەفرین لەلایەن هێزەكانی سەر بە توركیاوە وێراندەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
12
Share