سەرەڕای لێدوانە توندەکان لە دژی یەکتر سەبارەت بە پرسی تایوان و چەند پرسێکی دیکە لە ڕابردوودا و ناكۆكییە ئابورییەكان، هەردوو سەرۆكی ئەمریکا و چین دۆستانە گفتوگۆیان کرد و هیواخوازبوون پەیوەندییەکانیان بەهێزتربێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، بەشێوەی ئۆنلاین، کۆبوونەوە و چەند پرسێکی وەک هەڕەشەکانی سەر جیهان و ئابوریی جیهان و ڤایرۆسی کۆرۆنا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، جۆ بایدن لەسەر پرسی مافی مرۆڤ و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو زەریای هیندی و ئارام، قسەی لەگەڵ سەرۆکی چین کردووە.
سەرۆک کۆماری چین لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتی، “گرنگە هەردوو وڵات کە چەندین ساڵە ڕکابەری یەکترن، ڕکابەرییەکەیان لەچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و ڕێزگرتنی بەرامبەری تێدابێت”.
جۆبایدن لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، “ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە وڵاتان دەبێت پارێزگاری لە یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان بکەن، ئەمریکاش هەمیشە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی ئامادەیە”.
گفتوگۆی نێوان كەسی یەكەمی ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی جیهان، دوای ناکۆکییەکانی نێوانیانە لەسەر پرسی تایوان، چونکە تا ئێستاش چین، تایوان بە بەشێک لەخۆی دەزانێت و تایوانیش بە پشتگیریی ئەمریکا خۆی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ داناوە.
ئەو پرسە لە ماوەی مانگێکدا بوو بە یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و جووڵەی کەشتییە سەربازییەکانی چین لە دەریای ئارام و هیند، بوو بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە تایوان و ئەمریکا.
پیشتر جۆ بایدن ڕایگەیاندبوو، ئەگەر چین جووڵەی سەربازیی بەرامبەر تایوان هەبێت، ئەوا ئەمریکا بەرگری و پارێزگاری لە تایوان دەکات.