توێژینەوەیەكی نەرویجی: 9 وڵات زیاتر لە 9500 كڵاوەی ئەتۆمیی ئامادەیان هەیە

ژمارەی ئەو كڵاوە ئەتۆمییانەی ئامادەن بۆ بەكارهێنان لە جیهاندا لە 9440 بۆ 9576 بەرزبووەوە، وەك ئەوەی لە توێژینەوەیەكی نەرویجیدا هاتووە.

راپۆرتی “روانگەی قەدەغەی چەكی ئەتۆمی” كە رێكخراوی “هاریكاریی میللی نەرویجی- Norsk Folkehjelp”ی ناحكومی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی 2023دا 9 وڵات خاوەندارێتی 9 هەزار و 576 كڵاوەی ئەتۆمیی ئامادە بۆ بەكارهێنان دەكەن.

راپۆرتەكە دووپاتیدەكاتەوە، “جبەخانەی چەكی ئەتۆمیی ئامادە بۆ بەكارهێنان لە جیهاندا لەلایەن هێزەكانی 9 وڵات لە زیادبووندایە. لە سەرەتای ساڵی 2023دا ئەم وڵاتانە عەمباری چەكی ئەتۆمییان نزیكەی 12 هەزار و 512 كڵاوەی ئەتۆمی بووە”.

لەو ژمارەیە دوو هەزار و 936 كڵاوەیان لە دەرەوەی خزمەتە و چاوەڕواندەكرێت لەناوببرێن، هەرچی كڵاوە ئەتۆمییەكانی دیكەیە كە ژمارەیان 9 هەزار و 576 كڵاوەیە ئامادەن بۆ بەكارهێنان لەلایەن سوپای وڵاتانەوە و توانای لەناوبردنیان هاوتای “زیاتر لە 135 هەزار بۆمبی هاوشێوەی ئەوەیە كە لە هێرۆشیما خرایە خوارەوە”.

هانز ئێم كریستنسن، بەشداربووی روانگەی قەدەغەی چەكی ئەتۆمی رایگەیاند، هەریەك لە روسیا، چین، هندستان، كۆریای باكوور و پاكستان لە ساڵی 2022دا ئەمبارەكانیان لە كڵاوەی ئەتۆمی فراوان كردووە.

روانگەكە دەڵێت، هەر 9 وڵاتەكەی خاوەنی چەكی ئەتۆمی (ئەمریكا، چین، فەرەنسا، هندستان، ئیسرائیل، كۆریای باكوور، پاكستان، روسیا و شانشینی یەكگرتوو) رەتیدەكەنەوە بچنەپاڵ پەیماننامەی قەدەغەی چەكی ئەتۆمی و بەردەوام لە پەرەپێدان، بەرهەمهێنان و ئەمباركردنی چەكی ئەتۆمی.

بابەتی پێشتر

هاوڵاتییان لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی ئاگاداردەكرێنەوە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا یاسای بەكارهێنانی هێزی سەربازیی لە عێراق هەڵوەشاندەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share