وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو بەشی سێیەمی بەشە خۆراک و بەشی نۆیەمی ئارد دابەشدەكەن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا د.عەلا ئەحمەد، وەزیری بارزگانیی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو بەشی سێیەمی بەشە خۆراک دابەشدەکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بەشی نۆیەمی ئاردیش دابەش دەكەن.
باسی لەوەشكرد، لە سبەینێوە بریكارەكانی خۆراك و كۆگاكان لە پارێزگاكان ماددەكانی خۆراكیان پێدەگات تاوەكو بە باشترین شێوە دابەشی بكەن.
وەزیری بازرگانیی عێراق ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتەكەی لە پلانیدایە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و نەوت بۆ زیادکردنی پارەی تەرخانکراو بۆ بەشە خۆراک و زیادکردنی خۆراکی دیکە لە مانگەكانی داهاتوودا.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو گۆڕانکاریی لە دابەشكردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییاندا بكات و ماددەکانی خۆراك زیاد بكرێن.