چەند کەسێکی نەناسراو، دوێنێ هەینی لە کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرۆکی ئەنجومەنی ئاوارەکانی عێراقیان کوشت.
بەپێی زانیاریی ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ناو کامپی هۆلدا چەند کەسێک لە کۆبوونەوەی چەند ئاوارەیەکی عێراقی تەقەیان کردووە، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکە، کە ژنیشیان تێدایە، بریندار بوون.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 90 حاڵەتی کوشتن لە کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویانداوە و زۆرینەی کوژراوەکانیش عێراقین.
کامپی هۆل، لە پارێزگای حەسەکە، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی داعش بۆ پاشماوەکانی داعش دروستکرا، زیاتر ژن و منداڵی تێدایە و زۆرینەیان عێراقی و سورین، هەڵگری ناسنامەی 50 وڵاتی دیکەش لە کامپەکەدا بوونیان هەیە.
لە کامپی هۆلدا نزیكەی 74 هەزار کەس لە ژن و منداڵ و پیاو لەناو 13 هەزار خێمەدا دەژین و لەو ژمارەیەش 49 هەزاریان منداڵن.
ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئێستا چەندینجار داوای هاوکاری و دروستكردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی کردووە، بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو هەزاران کەسە، بەڵام تا ئێستا چەند وڵاتێکی کەم ئامادەن هاوڵاتییانی خۆیان وەرگرنەوە.