قوباد تاڵە‌بانی و محەمەد حەلبوسی پرسی بودجەیان تاووتوێکرد

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی بودجەی گشتیی عێراق تاووتوێكرا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات ڕایگەیاندووە، “شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ محەمەد حە‌لبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە”.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە ئەوە خراوەتەڕوو، “هەردوولا پێکەوە تاووتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2021یان كرد، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕێڕە‌وی دانوستانەکانی هەولێر و بەغداد”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، بە شێوەیەک پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدابێت”.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باسی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە، “هەردوولاش جەختیان لە درێژەدان بە دانوستانەکان کردەوە تا ئەو کاتەی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەبن”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

گەڕان بەدوای خوێندكارە عێراقییە ونبووەكەدا لە یۆنان بەردەوامە

بابەتی دواتر

بڕیارە تا دوو ڕۆژی داهاتوو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا ببێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share