لوتكەی گلاسكۆ لە بەردەم چەند كاتژمێرێكی یەكلاكەرەوەدایە

“هەموو ئەوەی داواتان لێدەكەین پابەندبوونە بە بەڵێنەكانتان”

لە وزەی بەردینەوە بۆ هاریكاریی دارایی وڵاتانی هەژار، سەدان وڵات لەوانەی واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی پاریس كردووە، ئەمڕۆ لە گلاسكۆ درێژە بە هەوڵەكانیان دەدەن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنێك كە ببێتە هۆی كەمبوونەوەی قەتیسبوونی گەرما لە كۆتاییەكانی كۆنگرەی (كۆپ 26).

پاش ئەو لوتكەیەی سەرانی زیاتر لە 120 وڵات بەشدارییانكرد و ڕاگەیەنراوە جۆراوجۆرەكان لە دارستانەكانەوە بۆ گازی میسان و، پاش دوو هەفتە لە وتوێژی چڕ دەربارەی ژمارەیەكی زۆر لە پرسە گرنگەكان، لوتگەی گلاسكۆ بۆ ئاووهەوا بۆ ماوەی لانیكەم ڕۆژێكی دیكە درێژكرایەوە لە هەوڵێكدا بۆ “بەزیندوویی هێشتنەوە”ی ئامانجە زۆر گەورەكەی ڕێككەوتنی پاریس كە سنووردانانە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە 1.5 پلەی سەدی بەراورد بە سەردەمی بەر لە پیشەسازی.

پاش بەتیۆری كۆتایی هاتنی كۆنگرەكە، سەرۆكایەتییە بەریتانییەكەی وادەیەكی بۆ كۆبوونەوە لە كاتژمێر 8 دیاریكرد پاش شەوێكی دیكەی وتوێژ لەپێناو گەیشتنە داڕشتەی سێیەمی دەقی ڕاگەیەنراوی كۆتایی، بە هیوای گەیشتنە ڕێككەوتن لەمڕۆدا.

داڕشتەی دووەمی ڕاگەیەنراوەكە كە ڕۆژی هەینی بڵاوكرایەوە ڕای زۆرینەی نەهێنا، بەڵكو بووە مایەی ڕەخنەی زۆرێك لە لایەنەكان.

تەوەری ناكۆكییەكان دەربارەی ئەو بڕە پارەیەیە كە بۆ هاریكاریی وڵاتانی هەژار تەرخاندەكرێت بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكانی لە گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەردەلول و شەپۆلی گەرما و وشكبوونەوە كە چەند هێندە دەبێت. ئەم وڵاتانە كەمترین سەرچاوەن بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا، بەڵام زۆرترین گرفتیان بەدەست كاریگەرییەكانیەوە هەیە.

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتی، “پێویستە پارە بخەینەسەر مێزی هاوكاریی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی پێویست (…) ئەمە پێویستە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ڕووبدات”.

پێشتر وڵاتانی باكوور لە ساڵی 2009 بەڵێنی زیادكردنی هاوكارییەكانی ئاووهەوایان بۆ باشوور دا تا سەد ملیاری ساڵانە لە ساڵی 2020ەوە، بەڵام تائێستا پابەندی بەڵێنەكە نەبوون، ئەمەش وڵاتانی تازە گەشەسەندووی لە ناو گرفتە جۆراوجۆرەكان هێشتووەتەوە.

وڵاتانی تازە گەشەسەندوو پێیانوایە داڕشتەی كۆتایی وەڵامدەرەوەی خواستەكانیان نییە.

جگە لە سەد ملیارەكە و “ئەو متمانەیەی لەدەستچووە”، ئەو وڵاتانە پێشنیارێكیان خستووەتەڕوو بۆ دامەزراندنی شێوازێكی دیاریكراو بۆ لەبەرچاوگرتنی “زەرەر و زیانەكان” و هەر كاریگەرییەكی وێرانكەری گەردەلول، وشكبوونەوە و زیادبوونی شەپۆلەكانی گەرما.

هیوابه‌خشه‌، به‌ڵام به‌پێی پێویست نییه‌
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەبارەی ڕەشنوسی ڕاگەیەنراوەكە وتی، “هیوابه‌خشه‌، به‌ڵام به‌پێی پێویست نییه‌”.

گوتیرێش داوای له‌ حكومه‌تی وڵاتان كرد بۆ ئه‌وه‌ی تاكو كۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ گه‌رمبوونی زه‌وی بۆ 1.5 پلە سنووردار بكه‌ن و هاوكاریی وڵاتانی تازه‌ پێشكه‌وتوو بكەن و تواناكانیان چربكه‌نه‌وه‌ و وتی، “له‌ئێستاوه‌ پێویسته‌ هه‌موو وڵات، شار، كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌یه‌ك ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی جددی، ڕیشه‌یییانه‌ و متمانه‌پێكراو به‌ره‌نگاری گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا ببێنه‌وه‌”.

بەرپرسیارێتی
چاودێران دەڵێن تائێستا وەڵامدانەوە بۆ ئەو خواستەی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو نییە بەهۆی ناڕەزایی وڵاتانی دەوڵەمەند. گابرییلا بوشر، لە ڕێكخراوی ئۆكسفامی ناحكومی دەڵێت، “ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا ڕێگری لە پێشنیارەكە دەكەن” و وتی، “وڵاتانی دەوڵەمەند بەربەست لەبەردەم پارەداركردن بۆ زەرەر و زیانەكان لەهەر قۆناغێكدا دەكەن”.

هەروەك وڵاتانی باشوور وڵاتە پێشكەوتووەكان تۆمەتباردەكەن بەوەی دەیانەوێت ناچاریانبكەن بە هەوڵدانی زیاتر بۆ كەمكردنەوەی دەردراوە گازییەكانی هۆكاری قەتیسبوونی گەرما، سەرەڕای ئەوەی بەرپرس نییە لە گۆڕانی ئاووهەوا.

نوێنەری پەنەما لەمیانەی دانیشتنی گشتیی وتی، “هەموو ئەوەی داواتان لێدەكەین پابەندبوونە بە بەڵێنەكانتان و داننانە بە بەرپرسیارێتیتان لە دروستكردنی ئەم گرفتە، نە زیاد و نە كەمتر”.

لە هەوڵێكدا بۆ سنوورداركردنی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما، دەقە كاتییەكەی سەرۆكایەتی بەریتانی داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات پابەندییەكانیان بە كەمكردنەوەی دەردراوەكان بەشێوەیەكی زیاتر ڕێكخراو بەرزبكەنەوە زیاتر لەوەی لە ڕێككەوتنی پاریسدا هاتووە، لە ساڵی 2022ەوە.

ئەوەی بۆ داڕشتەی پێشوو زیادكراوە دەستەواژەیەكە پەیوەندی بە ئەگەری ئەنجامدانی هەمواركردن هەیە “بۆ بارودۆخی نیشتمانیی تایبەت” كە بووە مایەی ڕەخنەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەربارەی خواستی ڕاستەقینەوەی وڵاتان لە سنووردانان بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

سەرەڕای پابەندییە نوێیەكان بە دوا وادەی 2030 كە بەر لە كۆنگرەی لایەنەكان و لەگەڵ دەستپێكردنیدا ڕاگەیەنرا، تائێستا جیهان لە ڕێگادایە بۆ بەرزبوونەوەی “كارەساتبار”ی پلەكانی گەرما كە دەگاتە 2.7 پلەی سەدی، بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەكاتێكدا بەرزبوونەوە بە پلەی 1.1 پلەی سەدی زیادبوون لە كارەساتەكانی ئێستا دروستدەكات.

پرسە گەرمەكەی دیكەی هەناوی وتوێژەكان وزەی بەردینە كە هۆكاری سەرەكیی قەتیسبوونی گەرمایە.

لەكاتێكدا ڕێككەوتنی پاریس ئاماژەی پێنەداوە، ڕەشنوسی كۆتایی ڕاگەیەنراوی كۆتایی، كە دەقێكی سادەترە بەراورد بە بەڵگەنامەی یەكەم، ئاماژە بە سنووردانان بۆ پەرەپێدانی ئەم كەرتە دەدات، بەڵام نەبووە هۆی ڕەزامەندی هیچ لایەك.

س: فرانس پرێس + میدیاكان

بابەتی پێشتر

ئەرجەنتین دەیەوێت بەسەر پشتی بەرازیلدا بگاتە مۆندیال

بابەتی دواتر

ئەدهەم بارزانی پێچەوانەی تیمی پارتی لە حكومەت قسە لەسەر كۆچبەران دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share