هۆكار و چارەسەری گرانیی نرخی بەنزین ئاشكرادەكرێت

سەرەڕای ناڕەزایی شوفێران و هاوڵاتیان نرخی بەنزین وەكو خۆی ماوەتەوە و ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان پێشنیاز و چارەسەر بۆ دابەزینی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە ئێستادا هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرغکراوە و ڕێگە بە کۆمپانیای دیکە نادرێت بەنزین داخڵ بکات”.

ڕونیشیكردەوە، “پێشتر حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە داوای بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی داخڵبوونی بەنزینی كردووە لەپێناو ساخكردنەوەی بەنزینی كۆمپانیایەك كە لە خەزانەكانیدا مابووی”.

باسیلەوەشكرد،” یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین ئەوەیە بەنزینێكی كەمتر لە سنورەكانەوە داخڵی هەرێم دەكرێن، بەنمونە لە مانگی چواردا لە دەروازەی باشماخەوە، نزیکەی دووهەزار تانکەر بەنزین داخڵ بووە، بەڵام لە مانگی پێنجدا تەنها 50 تانکەر داخڵ بووە، کە ئەوەش بەشی چەند کاتژمێرێک ناکات”.

گەزنەیی ئەوەشدەخاتەڕوو،” ڕایگشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە نەچنە ژێرباری هیچ هەوڵێکی چاوچنۆکی لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەسێکەوە، چونكە ئەرکی حکومەتی هەرێمە نرخی بەنزین جێگیر بکات کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت”.

“یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت یان حكومەت باج و ڕسووماتەكانی لاببات”

ئەندامەكەی لیژنەی سامانە سروشتییەكان پێشیوایە، تەنها دوو چارەسەر هەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت و نرخی بەنزین لە کەمتر لە 500 دینار جێگیر بکرێت، یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، باج و ڕسووماتەكانی لاببات و ڕێگە بدات لە ڕێگەی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێ وە داخڵبکرێت، بە مەرجێک نرخی هیچ لیترێک لە جۆرەکانی بەنزین600 دینا تێپەڕ نەکات.

ماوەی زیاتر لە دووهەفتەیە نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبوەتەوە نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 650 دینارەوە بۆ 700 دینار، موحەسەن لە 700 دینارەوە بۆ 750 دینار و بەنزینی سوپەریش نرخەكەی گەیشتووەتە 850 دینار بۆ هەر لیترێك.

بەرزبوونەوەكە لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردوودا دوو جاری دیكە نرخی بەنزین بەبیانووی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان و بەرزی نرخی دۆلار زیادكرا، بەجۆرێك لەم ماوەیەدا بۆ هەر لیترێك نزیكەی 250 دینار زیادكراوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەكانی دیكە لەلایەن حكومەتەوە دەستی لێبەردراوە بۆ بازرگانەكان و ئەوانیش لەگەڵ هەر جوڵەیەكی نرخی نەوت لە جیهاندا بەرهەمەكەی گران دەكەن.

بە وتەی سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان بۆ ڕێگری لە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لە دەست حكومەتدایە كە پێویستە حكومەت دەستێوەردان بكات و ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر پاڵاوگە گەورەكانی وەك بازیان، قەیوان و لالاس بۆ حكومەتی هەرێم كاریان بكردایە و بەرهەمیان بخستایەتە بازاڕەوە، ئەوكات بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبوو”.

لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین وەزیری سامانە سروشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین بانگهێشتی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەكەن بۆ لیژنەكەیان تا ڕوونكردنەوە لەبارەیەوە بدات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستانسه‌ر گرانیی نرخی به‌نزین و كوالێتی به‌نزین و گازوایل کراو لیژنه‌كە بڕیاریدا نوسراوێك ئاڕاسته‌ی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بكات بۆ بانگهێشتكردنی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان بۆ لیژنه‌كه‌، به‌مه‌به‌ستی پێدانی ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ری و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی.

“هۆشداریی ئەوە دەدرێت ئەگەر حكومەت چاودێری دۆخەكە نەكات نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە”

ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە، هۆكارێكی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئەوەیە، هەرێمی كوردستان باج و ڕسوماتی لەسەر هێنانی داناوە و كرێی گواستنەوەشی گرانكردووە حكومەتیش خۆی سوتەمەنی ناخاتە بازاڕەوە تا چارەسەری كەمی بكات، تا نرخەكەی بەرز نەبێتەوە”.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسیلەوەشكردبوو،”ئەگەر حكومەت چاودێری دۆخەكە نەكات نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە”.

بابەتی پێشتر

بارەگایەكی هەدەپە لە ئیزمیر سوتێنرا و ئەندامێكی پارتەكە كوژرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵیۆزخانەی بەریتانیا كۆبوەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی: ئەو مامۆستایەی وشەی نەشیاوی بەرامبەر کچە پەیامنێرێک بەکارهێنا سزادەدرێت

راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ پێكهیناوه‌ کە وشەی نەشیاوی بە کچە پەیامنێرێک…
Total
0
Share