وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ئەوانەی تەمەنیان 12 ساڵە، لەمەودوا ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدەدرێت.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڕێنماییەکی نوێدا کە تایبەت بە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریکردووە، بڕیاری فراوانکردنی ئەو گروپانەی دا کە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەر دەیانگرێتەوە و بەوپێیەش ئەوانەی تەمەنیان 12 ساڵە دەتوانن ڤاکسین وەربگرن.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “ئاماژە بە ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای ڕاوێژکاریی بەرنامەی کوتان و ڕاسپاردەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO وە لەپێناو کەمکردنەوەی ترسناکیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و زیادکردنی بەرگریی کۆمەڵگا پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بڕیارماندا ڤاکسینی فایزەر – بایۆنتێک هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە تەمەنیان لە 12 ساڵ و بۆ سەرەوەیە”.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەت، ئەوانەی تەمەنیان لە 12 ساڵدایە ڤاکسینەکە سەرەتا دەدرێت بەوانەیان كە مەترسیی تووشبوونیان بە کۆرۆنا زیاترە.
پێشتریش وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەمان بڕیاری پەیوەست بە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ کەسانی ئەو تەمەنە دا.