تورکیا.. یاسای نوێی تیرۆر هیچی وا بۆ ڕێكخراوە مەدەنییەكان ناهێڵێتەوە

دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا نیگەرانن لە یاسای نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری وڵاتەکەیان، کە لەم دواییانەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لەیاسا نوێكەدا حکومەت دەتوانێت چالاکییەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان سنووردار بکات، ئەمەش ڕێکخراوەکانی نیگەرانکردووە لەوەی کاریگەریی هەبێت لەسەر کارەکانی ئەو دامەزراوە ناحکومییانەی لە بواری بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ کاردەکەن.

یاسای نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە تورکیا گۆڕانکاریی کردووە لە یاساکانی پێشتری ئەو وڵاتە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پشتیان پێدەبەسترا، یاسا نوێکە ڕێگە دەدات بە دەسەڵات چاودێریی سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکات کە لەناو خاکی تورکیادا کاردەکەن.

هورام سۆنماز، پارێزەر و چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بەڕێوەبەرایتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، کە هەڵدەستێت بە دیاریکردنی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروستی دەکەن، لەلایەن کەسانی ئەمنی و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێن و سەرپەرشتی دەکرێن.

ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری ڕەتکردنەوەی یاسا نوێیەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو یاسایە دەسەڵاتی تەواو دەدات بە حکومەت لە چاودێریکردن و زانینی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا، ئەمەش تایبەتمەندییەکانی ڕێکخراوەکان کۆتدەکات.

لەچوارچێوەی یاسا نوێکەدا کە بە یاسای “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، یان “ڕووبەڕووبوونەوەی پاڵپشتیکردنی تیرۆر” ناودەبرێت، ڕێگە بە حکومەتی تورکیا دەدات هەر دامەزراوە و ڕێکخراوێک دابخات کە خۆی لە چوارچێوەی تیرۆردا دایدەنێت، بۆ هەمیشەش چاودێری بخاتەسەری.

پێشتریش دەستەی ڕاوێژکاریی ئەنجومەنی ئەوروپا، کە تورکیا یەکێکە لە 47 ئەندامی دەستەکە، ڕایگەیاندبوو، یاسای نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە تورکیا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت و دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوە ناحکومییەکان.

هەروەها یاسا نوێکە ڕێکخراوەکان پابەنددەکات بەوەی بۆ هەر ڕاگەیەندراو و بڵاوکراوەیەکیان لە ڕێگەی پێگەکانەوە، ڕەزامەندیی دەسەڵات وەربگرن، ئەمەش بەو مانایەی وەزارەتی ناوخۆ زانیاریی هەبێت لەبارەی سەرجەم چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوانە، کە زۆرینەیان لەلایەن  دەسەڵاتەوە ڕەتکراوەن.

بابەتی پێشتر

كۆبوونەوەی جی 20 و كۆنگرەی كۆپ 26 چییان پێدەكرێت؟<br>سەركردەكان ڕەشبینن لەوەی هەسارەی زەوی زیاتر بشێوێنن

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڤاکسین دەدات بەو كەسانەی تەمەنیان 12 ساڵ و زیاترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share