وڵاتانی G20 لە كۆنگرەكەی ڕۆما لەبارەی ئاووهەواوە گەیشتنە ڕێككەوتنێك كە پسپۆڕان پێیانوایە ناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنە، لە كۆنگرەكەی ساڵی 2015ی پاریس دەستكەوتی زیاتری دەبێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، وڵاتانی G20 كە بەرپرسن لە دەردانی 80%ی دەردراوە گازییەكان بۆناو بەرگەهەوا و بوونەتەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی، لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە ئاووهەوا و هۆكارەكانی قەتیسبوونی گەرمی ڕێككەوتن.
ڕوونیشیكردووەتەوە، سەرۆك و حكومەتانی ئەو وڵاتانە پێش كۆبوونەوەكەی گلاسكۆ لەبارەی ئاو وهەواوە ڕێككەوتن ئەگەر لەماوەیەكی درێژیشدا بێت، ئامانجەكانیان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەتیسبوونی گەرما بهێننەدی.
بەپێی ڕەشنووسی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەكە، وڵاتانی G20 ڕێككەوتوون پلەكانی گەرما كەمبكرێنەوە بۆ ڕادەی 1.5 ئەوەش ئەو گەرمییەیە كە زەوی لەدوای شۆڕشی پیشەسازی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا بەرەو سەرووی دوو پلە لە هەڵكشاندایە.
سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆنگرەكە بە ئاژانسەكەی وتووە، سەركردەی وڵاتانی بەشدار لە G20 ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر كەمكردنەوەی زیادەڕۆییەكان بۆسەر ئاووهەوا كە پێشتریش لە ڕێككەوتنی ساڵی 2015 لەسەری ڕێككەوتبوون، هەروەها ڕێككەوتنكراوە بەمەبەستی ڕاگرتنی پشتیوانیكردنی پڕۆژەكانی وێستگەی نوێی وزە كە بە خەڵووز كاردەكەن، هەموو ئەوانەش لەپێناو دابەزاندنی ئەو بەزبوونەوەیەی لە پلەی گەرمیی هەسارەی زەویدا هاتووەتەئاراوە بۆ 1.5 پلە.
ئەم ڕێككەوتنەی وڵاتانی G20 لەبارەی ئاووهەواوە پێیگەیشتوون، ئامادەكارییە بۆ كۆنگرەی كۆپ 26 كە لە گلاسكۆ لەبارەی ئاووهەواوە بەڕێوەدەچێت.