پۆلیسی فەڕەنسا ڕایگەیاند، كەسێك دەستگیركراوە لە شاری نیس كە بە چەقۆ هێرشی كردووەتەسەر خەڵك و “سێ كەسی كوشتووە”.
بەپێی میدیاكانی ئەو وڵاتە هێرشەكە لە نزیك كڵێسایەكی شارەكە بووە.
كریستیان ئیسترۆزی، سەرۆك شارەوانیی نیس لە تویتەرەوە ئاشكرایكرد، كەسێك پاش هێرشەكە دەستگیركراوە.
وتیشی، “هێرشی نزیك لە كڵێساكە كارێكی تیرۆرستییە”.
ڕوداوەكە لەكاتێكدایە نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر پاش وتنەوەی وانەیەك دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین و نیشاندانی وێنەیەكی كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، ساموێڵ باتی كە مامۆستایەكی خوێندنگەی ئامادەیی بوو لە فەڕەنسا، لەلایەن خوێندكارێكی بەڕەگەز چیچانی خۆیەوە سەربڕدرا، دواتریش خوێندكارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.
ئەو ڕوداوە كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی فەڕەنسا لێكەوتەوە، لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی و بەیداخی عەلمانیەت بەرز ڕادەگرین. ئەوەشی وت، “واز لە کاریکاتێر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، ئەگەر ئەوانیدیکەش پاشەکشە بکەن. هەموو ئەو هەلانەی لەسەر شانی کۆمارن بۆ هەموو گەنجانی دەڕەخسێنین بەبێ جیاکاری”.
وتەكانی ماكرۆن نیگەرانی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕێكخراو و كەسایەتییە ئیسلامییەكانی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە هەندێكیان بایكۆتی شمەكی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاند.