بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببێتەوە و تیایدا بڕگەیەكی یاسای چاكسازی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی و میراتگری شەهیدان تاووتوێدەكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (43)یەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت.
ڕونیشیكردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دوو ڕەشنوسی (پەیڕەوی ئیمتیازەكانی زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی) و (پەیڕەوی دیاریكردنی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی شەهیدان) تاووتوێدەکات.
بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر ڕاپۆرتی تایبەت بە جینۆسایدی تاوانەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەك ئەوەی فەرمانگەكە بڵاویكردوەتەوە.