لە نزیك كاتژمێر 07:15 خولەكی ئێوارەی 1ی كانونی یەكەمی 2019، پیاوێك لە دەرگای یەكێك لە ماڵە دەوڵەمەندەكانی ڕۆژئاوای لەندەن-ی پایتەختی دا، ئەو نەیدەویست چاوی بە خاوەن ماڵ فرانك لامپارد-ی یاریزانی پێشوو و هاوسەرەكەی بكەوێت، بەڵكو تەنها دەیویست دڵنیابێتەوە لەوەی خانووەكە چۆڵە و كەسی لێنییە.
ئەوە هەنگاوی دووەم بوو لە پلانی دزینی چەند ماڵە دەوڵەمەندێك لە لەندەن، بە كردارییش پلانی باندەكە سەركەوتوو بوو، كارەكەیان بووە گەورەترین پرۆسەی دزیكردن لە ماڵان لە مێژووی نوێی بەریتانیادا.
هەنگاوی یەكەم چاودێریكردنی ماڵە بەئامانجگیراوەكان بوو بۆ ماوەیەكی درێژ، پاڵنەری دیاریكردنیشیان، هەستكردنی دزەكان بوو لەبارەی بوونی پارە و زێڕ و زیوی گرانبەها، وەك ئەوەی ئەوان پێشبینییان كردبوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیكەی دوو ساڵ بەسەر ئەو تاوانە ڕێكخراوەدا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا تائێستا نەیانتوانیوە دزراوەكانی یەكێك لە ماڵەكان بدۆزنەوە، كە بە نزیكەی 26 ملیۆن پاوەن (35 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێندرێت.
دزییە پلانبۆداڕێژراوەكە دراوی نەختینە و زێر و زیوی گرتەوە، ئەنجامدەرانی سەركەوتوو بوون لە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی بەریتانیا.
ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) دەڵێت، دزراوە “بەهەڵم بووەكان” نیشانیدەدات كە كاری دزییەكە بۆ ئەوە دەشێت بكرێتە فیلمێكی سینەمایی.
تۆڕی (سكای نیوز) بڵاویكردەوە، یەكێك لە ئەندامانی باندەكە دانی بە تێوەگلانی ناوە لە دزینی ماڵی تامارا ئیكلستۆن، كچی بێرنی ئیكلستۆن-ی ملیاردێری ناسراو و بەڕێوەبەری پێشووی پێشبڕكێكانی “فۆڕمۆلا وەن”.
تامارا ڕووبەڕووی ترسێكی زۆر بووەوە كاتێك دزەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی، كچە بچوكەكەی بۆ چەندین جار ئەو پرسیارەی لێكردووەتەوە، كە ئایا دزەكان جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە.
خانووی سێیەم كە كرابووە ئامانجی دزییەكە، خاوەنەكەی فیشای سریفادانابرابا، سەرۆكی یانەی لیستەر سیتی بوو، كە ساڵێك بەر لە ڕووداوی دزییەكە لە ڕووداوی تێكشكانی هەلیكۆپتەردا گیانیلەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بۆ ماوەی دوو ساڵ لێكۆڵینەوەیان لە دزییەكە كرد، لەمیانەیدا پێداچوونەوە بە زیاتر لە 2000 كاتژمێری تۆماری كامێراكانی چاودێری كرا، لێكۆڵینەوەكان گەیشتنە دەرەوەی سنوورەكانی بەریتانیاش.
لە كۆتاییدا، چوار تۆمەتبار دەستنیشانكران، سیانیان ڕادەستی بەریتانیا كرانەوە، بەڵام تائێستا تۆمەتباری چوارەم لەبەرچاو ونە.
جۆسلاڤ یۆڤانۆڤیچ (24 ساڵ) كە دانیشتووی شاری میلانی ئیتاڵیایە، دانی بەوەدانا كە بەشێك بووە لەو باندەی ماڵە دەوڵەمەندەكانی لەندەنیان دزیوە.
داواكاری گشتیی بەریتانیا ڕایگەیاند، یۆڤانۆڤیچ بەشێك لە پارە دزراوەكانی بۆ بازاڕكردن لە بازاڕی هارۆدز-ی بەناوبانگ لە لەندەن خەرجكردووە.
بڕیارە دادگای بەریتانیا بڕیاری خۆی لەسەر دۆسیەكە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی داهاتوو دەربكات.
س: سكای نیوز