ئامانجی هێزكۆكردنەوەكەی توركیا لە سنووری ڕۆژئاوای كوردستان چییە؟

توركیا زیاتر لە ئامانجێكی هەیە

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا توركیا سەدان سەربازی دیكەی لە باكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، “وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشێكی پێشتر هەڵپەسێردراو بۆسەر شەڕڤانانی كورد”، وەك ئەوەی ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردووە.

ئاژانسەكە لە زاری دوو بەرپرس، كە ناو و ناسنامەیان ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، هێرشە پلانبۆداڕێژراوەكە ئامانج لێی داخستنی یەك لەسەر سێی سنووری توركیایە لەگەڵ سوریا، كە درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە.

دەشڵێن، ئامانجی توركیا “كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری شاری كۆبانێ-یە، بۆ پێكەوەبەستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات”.

“ئامانجێكی پێشبینیكراوی دیكە، دەستبەسەراگرتنی بنكەی میناگ-ی ئاسمانییە لە نزیك شاری ئەعزاز، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە و لەوێوە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیا و چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی ئەنجامدەدەدرێت”، بەرپرسەكان وا دەڵێن.

لە كاتێكی پێشتری ئەم مانگە بنكەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەلایەن توركیاوە بۆردومانكران، پاش كوشتنی دوو پۆلیسی توركی لە سوریا و هەڵدانی موشەكی مۆرتەر بۆناو خاكەكەی.

سەرچاوەكان دەڵێن، پلانەكە “پێدەچێت هاریكاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی ناوخۆیی و فشار بۆسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان و ڕوسیا بۆ ڕێگریكردن لە جموجوڵەكانی هێزە كوردییەكان”.

پەرلەمان ڕێگەپێدانی درێژكردەوە
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی توركیا ماوەی مانەوەی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی لە سوریا و عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە درێژكردەوە.

دوێنێش ئاژانسی هاوار نیوزی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویكردەوە، سوپای تورکیا هێزێکی سەربازیی گەورە، کە پێکهاتووە لە 200 ئۆتۆمبێلی سەربازی و کەرەستە و چەکی قورس، گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی سوریا و لە چیای زاویە و ڕۆژئاوای ئیدلب بڵاوەیپێکردوون.

ڕوونیشیكردووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانە بە دوو گروپ لە دەروازەی سنووریی “خربت ئەلجۆز”ــەوە لەماوەی یەک کاتژمێردا گەیەندراونەتە ناو خاکی سوریا.

پێشتر ئامادەكاری كراوە
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو دوو بەرپرسی باڵای حکومەتی تورکیا ئاشکرایانکرد، وڵاتەکەیان ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، ئەگەر گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا لەوبارەیەوە شکستبهێنێت.

یەکێک لەو بەرپرسانە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، “پێویستە ناوچەکانی باکووری سوریا پاکبکەینەوە، بەتایبەت ناوچەی تەل ڕەفعەت، کە هێرشەکان بە بەردەوامی لەو شوێنانەوە دەکرێتە سەرمان”.

لە 22ی ئەیلولی ڕابردوو سوپای توركیا و گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی، هێرشێكیان بۆسەر گوندی دبس لە “عەین عیسا”ی سەر بە پارێزگای حەسەكە دەستپێكرد، بەمەبەستی داگیركردنی گوندەكە و ڕێگەی نێودەوڵەتیی پارێزگاكە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدەوە شكست بە هێرشەكە هێنرا.

پێشتر سوپای تورکیا سێ جار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، یەکەمیان لەساڵی 2016 بەبیانووی شەڕی داعش، کەتێیدا ناوچەکانی ئەعزاز و جەرابلوسی گرتەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی 2018 عەفرینی کردە ئامانج، کۆتا ئۆپەراسیۆنیش سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی 2019دا لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجامیاندا.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەكگرتووەكان: 48 ملیۆن كەس لە جیهاندا بەهۆی ململانێكانەوە ئاوارەن

بابەتی دواتر

بەلەمێكی ڕاوەماسی قەیرانێكی نوێ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا دروستدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەولێر.. دوای خۆپیشاندان بەڵێنی چارەسەری كێشەی كەمئاوی بەدانیشتووانی گەڕەكێك درا

دانیشتووانی گەڕەکی باداوەی هەولێر بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە گردبوونەوەیان ئەنجامدا. قائیمقامی هەولێریش دەڵێت، “هۆکارەکەی وشکبوونی بیری گەڕەکەکەیە”. دانیشتووانی…
Total
0
Share