ڕێباز حەملان: تا كۆتایی ئەمساڵ مووچە لەكاتی خۆیدا و بێ لێبڕین بەردەوام دەبێت

ڕێباز حەملان

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی ڕایدەگەیەنێت، دابەشكردنی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆیدا و بێ لێبڕین تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دەربارەی ساڵی داهاتووش ڕوونكردنەوە دەدات.

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی دەربارەی پرسی موچە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئێستا لەسەر سكەی خۆمانین، مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دەدرێت بەبێ لێبڕین و، هەتا كۆتایی ساڵیش بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت.

وتیشی، “ساڵی داهاتوویش هیوادارین بەزووترین كات حكومەتی نوێی عێراق دروستببێت،
ئەگەر یاسای بودجەی نوێیان هەبێت، ئێمەش شایستەی خۆمان هەیە، ئەگەر نەشبێت بە یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی 2021 دەڕۆن بەڕێوە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا دڵنیایی دەدەن لەبارەی دابەشكردنی موچە ڕێباز حەملان وتی، “ڕێككەوتوین لەگەڵ حكومەتی عێراقی تا كۆتایی ئەمساڵ ئاوا بڕوات، بۆ سەرەتای ساڵی داهاتووش دەبێت باس و خواستێكی دیكە بكرێتەوە ئەگەر حكومەتی نوێ دروست ببێت، ئەگەر دروستیش نەبێت، ئەم حكومەتەی ئێستا بە كاربەڕێكەڕ دەڕوات بەڕێوە و ئەو ئیشانەش وەكو خۆی دەڕوات” كە مەبەستی ناردنی 200 ملیار دینارەكەیە بۆ هەرێم.

سەبارەت بەوەی ئایا حكومەتی هەرێم پلانی دارایی هەیە بۆ ساڵی داهاتوو، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت ئەوەی خستەڕوو، حكومەتی هەرێم بودجەی ئامادەیە كە دەبوایە ئەمساڵ بنێردرایە بۆ پەرلەمان، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی بودجەی عێراق نەنێردرا.

دوپاتیشیكردەوە، بە دڵنیاییەوە بۆ ساڵی 2022 حكومەت پلانی هەیە یاسای بودجەی خۆی هەبێت، بەڵام پشت دەبەستێت بەو بودجەیەی لە عێراق دەردەچێت، ئایا یاسایەكی نوێ دەبێت، یان كاركردن دەبێت بەم یاسایەی ئێستا و لە هەموو حاڵەتەكان حكومەتی هەرێم بژاردەی خۆی ئامادەكردووە.

 

بابەتی پێشتر

پێدانی ڤیزای گەشتكردن بۆ ئێران ئاساییكرایەوە و بێبەرامبەرە

بابەتی دواتر

ئایا ئەنجامەکە ڕاستە؟ لیستی براوەکانی باڵۆندۆر دزەی پێکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share