لوتكەكەی گلاسكۆ دوایین هەلە بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكان
نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان لەبارەی قەتیسبوونی گەرماوە دوورە لەڕێگەی ڕاست

دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێش لوتكەی كەشوهەوای گلاسكۆ، ڕەخنەی لە وڵاتان هەیە لەبارەی پابەندنەبوونیان بە كەمكردنەوەی دەردراوە زیانبەخشەكان، هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر پابەندبوونەكان زیاتر نەكرێن، پلەی گەرمیی زەوی زیاتر بەرزدەبێتەوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرەی لوتکەی ئاووهەوا دێت، کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبن لە دەردانی گازە ژەهراوییەکان، تێکڕای پلەکانی گەرمیی گۆی زەوی لەم سەدەیەدا دەگاتە 2.7 پلەی سەدی.

هەفتەی داهاتوو لوتکەی COP26 بەڕێوەدەچێت بۆ پابەندبوون بە کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لەلایەن وڵاتانی جیهان، ئەوەش دەکرێت دوایین هەل بێت بۆ گەڕاندنەوەی جیهان بۆ ڕێڕەوی ڕاست لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەجۆرێک کەمتربێت لە دوو پلەی سەدی، وە لە حاڵەتێکی نمونەییشدا دەکرێت بگەیەنرێتە 1.5 پلەی سەدی.

پیشتر لە مانگی ئابدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریی دا، کە ئەگەری هەیە لە ئەنجامی گازە دەردراوەکانەوە قەتیسبوونی گەرما  لە دوو دەیەی داهاتوودا 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنێت.

ڕۆژی دووشەممە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، لوتکەی COP26 گرنگترین گەڕی گفتوگۆی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەدوای رێککەوتنی پاریس لەساڵی 2015، کە ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا بە مسۆگەری دەهێڵێتەوە.

ڕێکخراوی جیهانیی بەرنامەکانی کەشناسیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە لوتکەی COP26، کە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت و لە گلاسکۆی سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو جیهان ژمارەیەکی پێوانەیی لە قەتیسبوونی پلەکانی گەرما تۆمارکرد و “جیهان دوورە لە ڕێڕەوی ڕاست” بۆ دانانی سنوورێک لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

هەروەها بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) ئاشکرایکردووە، وڵاتان 7.5٪ی پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی کەمکردنەوەی دەردراوە زیانبەخشەکان بۆ ساڵی 2030 جێبەجێکردووە، بەراورد بە پابەندبوونەکانی پێشوو.

هۆشدارییانداوە، ئەگەر بەجۆرە بەردەوامبێت، پلەکانی گەرما 2.7 پلەی سەدی بەرزدەبنەوە، بەڵام بۆئەوەی ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ کەمتر لە دوو پلەی سەدی دابەزێت، پێویستە پابەندییەکانی وڵاتان بۆ 30% زیادبکرێن، ئەگەر جیهان بیەوێت پلەکە بۆ 1.5 پلە دابەزێنێت، كە پلەی گەرمیی گونجاوی گۆی زەوییە، دەبێت پابەندیی وڵاتان بە کەمکردنەوەی دەردراوە زیاندبەخشەکان بۆ 55% بەرزبکەنەوە.

وڵاتانی کۆمەڵەی G20 کە 80%ی دەردراوە زیانبەخشەکان لەو وڵاتانەوەیە، لەسەر ڕێڕەوێکی دروست نین تاوەکو بتوانن تا ساڵی 2030 ئامانجەکانی کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی قەتیسبوونی پلەکانی گەرما بهێننەدی.

پێشتریش هەر لەچێوەی هۆشدارییەكاندا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، “ئەگەر لە دە ساڵی داهاتوودا ئامانجی کەمبوونەوەی پێویست لە دەردراوە زیانبەخشەکان بەدینەهێنین، بۆ هەمیشە توانای گەیشتنەوە بە پلەی 1.5ی سەدیی گۆی زەوی لەدەستدەدەین”.

وتیشی، “پێویستییەکی گرنگ و جدییە سەرجەم وڵاتانی کۆمەڵەی G20 بەر لە لوتكەكەی گلاسکۆ، یان لە لوتكەكە ڕێککەوتن بکەن لەسەر هەوڵدان بۆ گەیشتنەوە بە 1.5 پلەی سەدی”.

هەروەها ئینگەر ئەندرسن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) ڕایگەیاندووە، “هەشت ساڵمان لەبەردەمدایە بۆ جێبەجێکردنی پلان و سیاسەتی دابەزاندنی پلەکانی گەرما”.

وتیشی، “کاتژمێرەکە بەدەنگێکی بەرز لێدەدات”.

بابەتی پێشتر

تویتەر: لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا 537 ملیۆن دۆلار زیانمان بەركەوتووە

بابەتی دواتر

هێرشەكەی شارەبان پەڕییەوە بۆ شەڕی نێوان شیعە و سوننە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share