سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن کۆبووەوە و بەشداربووانی كۆبوونەكەش جەختیان لەوەكردەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچونی جددی بۆ سکاڵاکان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە د. بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی بەغداد بە بەشداریی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەرانی هێزە و لایەنە سیاسییەکان دەربارەی ناڕەزایی ئەو لایەنانە لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم كۆبووەوە.
لەبارەی داواکاریی لایەنە ناڕازییەکانیش لە ڕاگەیەندراوەكەدا باسلەوەكراوە، “جەخت لەوەكراوەتەوە، پێویستە بەپێی یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن بەدواداچونی جددی بۆ تانەكان بكرێت”.
هەروەها ڕەچاوی هەموو سکاڵا و داواکارییەکان بکرێت، کە پێشکەش کراون لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەنی و بە شەفافی وەک پێویستیەکی گرنگ بۆ بەھێزکردنی متمانە بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستی کاری هاوبەش کراوە لەپێناو پێکهێنانی پەرلەمانێک کە ڕەنگدانەوەی خواستی گەل بێت، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە بەرژەوەندی باڵای وڵات بپارێزێت و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاوڵاتییان دابین بکات و هەلی یەکسانیش بڕەخسێنێت.