بڕیارە دووشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆببێتەوە و پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و ڕێكارەكان تاوتوێدەكرێن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە هەولێر، دووشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆدەبێتەوە.
وتیشی، “كۆبوونەوەكە بۆ دیراسەکردنی دۆخی ئێستا و هەڵسەنگاندنی ڕێکارەکان و هاندانی هاوڵاتییانە بۆ خۆپارێزی و ڤاکسینکردن”.
كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە شارەكانی هەرێم ڕوو لەزیادبوونن، هاتنی وەرزی سەرما و بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەكانیش ئەگەرەكانی سەختبوونی دۆخی كۆرۆنای زیاتركردووە.
هەروەها سەرەڕای بەردەستبوونی ڤاكسینی دژ بە پەتاكە، بەدەنگەوەچوونی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی لە ئاستی خوازراودا نییە.