ناوەندە ئەمریكییەكان بە ئەنجامەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینی فایزەر بۆ منداڵان ڕازین

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، سەبارەت بە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ دڵنیایی دەدات، دەڵێت، ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی ئەو تەمەنە کاریگەریی ئەرێنیی زیاترە وەک لە مەترسییەکانی.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا FDA ئاشکرایکردووە، بەكارهێنانی فایزەر بۆ منداڵان حاڵەتی دەگمەنی هەوکردنی ماسولکەکانی دڵی لێكەوتووەتەوە، ئەگەرنا، كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لە مەترسییەكانی زیاترن.

کۆمپانیای فایزەر لەڕێگەی تاقیکردنەوەکانیەوە لەسەر منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ دەریخست، کە ڤاکسینەکەیان تایبەت بەو تەمەنە بەڕێژەی 90.7% کاریگەریی دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لیژنەی ڕاوێژکاریی شارەزایانی ڤاکسین کۆببنەوە بۆ پێشکەشکردنی ڕێنمایی بە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا.

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە کۆمپانیای فایزەر داوای لە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کرد ڕەزامەندی بدەن لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ڕەزامەندی بدەن لەسەر دابەشکردنی ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی ئەو تەمەنە، نزیکەی 28 ملیۆن منداڵی ئەمریکی کوتان دەیانگرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە منداڵاندا بەڕێژەیەکی زۆر کەمترە بەراورد بە مەترسییەکانی لە کەسانی پێگەیشتوو.

بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندی چاودێریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان (CDC) بڵاویکردووەتەوە، تائێستا ئەمریکا 542 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا لە منداڵاندا تۆمارکردووە، کە تەمەنیان لەخوار 17 ساڵەوە بووە.

کۆمپانیای فایزەر – بایۆنتێک لە مانگی ئەیلولدا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەیان لەسەر دوو هەزار و 270 منداڵی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵ کردووە و دەرکەوتووە بەرگریی بەهێزیان دژ بە کۆرۆنا تێدا دروستبووە.

هەر منداڵێک دوو ژەمی ڤاکسینەکە وەردەگرێت، بە مەرجێک ماوەی نێوان ژەمی یەکەم و دووەم سێ هەفتە بێت، هەر ژەمێکی ڤاکسینەکە یەک لەسەر سێی ژەمێکی کەسانی پێگەیشتووی تێدایە.

بابەتی پێشتر

دووشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

فاینانشەڵ تایمز: سەدر پۆپۆلیستە و عێراقییەكان بێهیوابوون لە دیموكراسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share