سەندیکا و وەزارەتی گواستنەوە دەنگۆی بەرزکردنەوەی کرێی هاتوچۆ ڕەتدەکەنەوە

دەنگۆی بەرزکردنەوەی نرخی کرێی هاتوچۆی پاسەکانی ناو شارەکان لەلایەن سەندیکای گواستنەوە و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمەوە ڕەتدەکرێتەوە و سەرۆکی سەندیکاکە دەڵێت، “هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە بوونی نییە”.

بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵی بەرزکردنەوەی نرخی کرێی هاتوچۆی پاسەکانی ناوشارەکانیان لە 500 دینارەوە بۆ 750 دینار بڵاوکردەوە، هۆکارەکەشی بۆ گرانبوونی بەنزین گەڕێنراوەتەوە.

لەوبارەیەوە عبدوڵا کەریم سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەمەوە کە دەڵێن سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە بڕیاری داوە نرخی کرێی گواستنەوە زیادبکات، لە ئێستادا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نیە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەرزکردنەوەی نرخی هاتوچۆی پاسەکان لەدەسەڵاتی لیژنەی دانانی نرخدایە لە پارێزگای هەولێر.

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە جەختیکردەوە، هەرکەسێک سەربەخۆ نرخ بەرزبکاتەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لەگەڵئەوەشدا سەندیکای گواستنەوە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند هێڵێکی گواستنەوەیان ئاگادارکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی نرخیان زیادکردبوو و نرخەکان وەک خۆیان لێکراوەتەوە، بەپێی وتەی عەبدوڵا کەریم.

وتیشی، “وەک لیژنەی دانانی نرخ کۆبوونەوەمان کردووە و هیچ بڕیارێکی لەو شێوازەمان نەداوە”.

لەهەمانکاتدا دیلان ڕەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن  ڕایگەیاند، لەئێستادا هیچ بڕیارێک نیە بۆ گرانکردنی نرخی کرێی پاسەکان لەناو گەڕەکەکانی شارەکان.

بابەتی پێشتر

فایزەر ڕێژەی کاریگەریی ڤاکسینەکەی بۆ منداڵان ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە عێراقییەکان دەکات بەئاشتییانە حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share