لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی سوید و بەریتانیا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، “حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت خزمەتگوزار بێت”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، ” پێویستە حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزاربێت و نوێنەرایەتیی خواست و ویستی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەر یەکە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و باڵیۆزی سوید لە عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، جەختمانکردەوە لەوەی کە دەبێت هەموو لایەنە براوەکانی عێراق بەشێوەی ئاشتییانە دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق”.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوازێک بێت، کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو پێکهاتەکان بێت، هەروەها داوامکردووە یارمەتیدەری حکومەتی هەرێم بن لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانیی هەرێمدا”.