لێبوردنی نێودەوڵەتی: پەتای كۆرۆنا زیانی لە ئازادیی ڕادەربڕین داوە

كۆڤید-19یان قۆستووەتەوە بۆ سەپاندنی كۆتوبەندی “بێ پێشینە” لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین

زۆرێك لە حكومەتەكان پەتای كۆڤید-19یان قۆستووەتەوە بۆ سەپاندنی كۆتوبەندی “بێ پێشینە” لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و بێدەنگكردنی ڕەخنەگران، بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەمڕۆی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی.

ڕێكخراوەكە دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەو ڕێوشوێنە سەركوتكارانەیە كە هاوشانی شەپۆلێكی زانیاریی شێوێنەر بووە، زۆرجار ڕێگربووە لەبەردەم دانیشتووان بۆ گەیشتنە زانیاریی ورد دەربارەی ڤایرۆسەكە، سەرەڕای پێویستیی ئەو زانیارییانە بۆ بەرگرتن لە پەتاكە لە سەرهەڵدانییەوە لە سەرەتای ساڵی 2020.

ڕاجات خوسلا، یەكێك لە بەرپرسانی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، “بەدرێژایی ماوەی پەتاكە، هەندێك لە حكومەتەكان هێرشێكی بێ پێشینەیان بۆسەر ئازادیی ڕادەربڕین دەستپێكردووە”.

“كەناڵەكانی پەیوەندی كراونەتە ئامانج و چاودێری خراوەتەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دامەزراوە میدیاییەكان داخراون” خوسلا وادەڵێت و ئاماژەش بۆ “بێدەنگكردنی ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی بواری تەندروستی و زیندانیكردنیان” دەكات.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی تایبەت باس لە چین دەكات كە زیاتر لە پێنج هەزار لێكۆڵینەوەی یاسایی تا شوباتی 2020 كردووەتەوە دژ بە كەسانێكی تۆمەتباركراو بە “بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بەئەنقەست ئازاربەخش” دەربارەی سروشت و ئاستی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

لە تەنزانیاش حكومەتی جۆن ماگۆفولی، سەرۆكی پێشوو بەردەوام كاری لەسەر كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنای نوێ كردووە و ڕێوشوێنەكانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتاكەی ڕەتكردووەتەوە، سەرەڕای دەركردنی یاسایەك بەمەبەستی سنوورداركردنی چالاكیی میدیایی.

لە نیكاراگوا-ش دەسەڵاتداران یاسایەكیان دەركردووە بۆ ڕیشەكێشكردنی تاوانەكانی ناو تۆڕەكانی ئینتەرنێت كە ڕێگەدەدات بە “چاودێریكردنی ئەوانەی ڕەخنە لە سیاسەتەكانی حكومەت دەگرن” و دەبێتەهۆی “سەركوتكردنی ئازادیی ڕادەربڕین”.

ڕێكخراوەكە هۆشداریدەدات لەوەی ڕوسیا بەردەوامە لە كاركردن بەو یاسایەی سزای توندی ئەوانە دەدات كە زانیاریی ناڕاستی پەیوەندیدار بە كۆڤید-19 بڵاودەكەنەوە، تەنانەت پاش كۆتاییهاتنی پەتاكەش.

ڕێكخراوەكە ڕەخنەش لە هەندێك لە سایتەكان دەگرێت كە كاری پێویست ناكەن بۆ ڕیشەكێشكردنی هەواڵی ناڕاست كە وادەكات ئەو كەسانەی دەیانەوێت زانیاریی تەواویان دەستبكەوێت، هەنگاوێك بگرنەبەر كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان جێبهێڵێت.

دووپاتیشیدەكاتەوە، زانیاریی ورد و دروست “بنەڕەتییە” لەپێناو “سنووردانان بۆ ئەو دوودڵییەی بەرامبەر ڤاكسینەكان و دژایەتیكردنیان” لەئارادایە.

س: مۆنت كارلۆ

بابەتی پێشتر

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە داوای بانگێشتكردنی وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆ پەرلەمان دەكرێت

بابەتی دواتر

دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز خێمەیان هەڵدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share