عەسائیبی ئەهلی حەق ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەتكردەوە و هەڕەشەدەكات

دوو گروپی تری شیعی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە و هەڕەشەی نواندنی كاردانەوە دەكەن و عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، “بێدەنگنابین”.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغداد بەڕێوەچوو، حسێن مونس سەرۆكی بزوتنەوەی “حقوق” و حەسەن سالم كاندیدی عەسائیبی ئەهلی حەق، ناڕەزاییان بەرامبەر بە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەربڕی و داوایان لە لایەنگرانیان كرد لە ئامادەباشیی تەواودا بن.

لە كۆنگرەكەدا حسێن مونس ڕایگەیاند، “بزوتنەوەی حقوق نزیكەی 20 هەزار چاودێری لە بنكەكانی دەنگداندا هەبووە و لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی 60%ی تۆمارەكانی دەنگدانی دەستبكەوێت”.

سەرۆكی ئەو پارتە شیعییەی سەر بە حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، دەردەكەوێت كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تەواو پێچەوانەی ئەو ژمارانەن كە كۆمسیۆن ئاشكرایكردوون و ژمارەی دەنگەكانیان زیاترە لەوەی خراوەتەڕوو.

لای خۆیەوە حەسەن سالم كاندیدی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی، “مۆڵەت دەدەین بە كۆمسیۆن بەخۆیدا بچێتەوە و بەرپرسیارێتیی ئەو گرژییەی دروستبووە بگرێتە ئەستۆی خۆی، دووبارە دەنگەكان بە دەست بژمێرێتەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و گێڕانەوەی مافی ئەوانەی دەنگەنیان دزراون”.

جەختیشیكردەوە كە پێشێلكاری و زیادەڕۆیی لە هەڵبژاردندا كراون و كۆمسیۆن بێلایەن نەبووە و دژی هەندێك لایەن و كاندید بووە و پشتیوانیی لایەنێكی كردووە و وتی، “ئێمە دەرهەق بەم گاڵتەجاڕییە بێدەنگنابین”.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان، دەركەوت ئەو لیست و حزبانەی كە سەر بە حەشدی شەعبین، كەمترین دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەكانیان كەمیانكردووە، بۆیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە و هەڕەشەدەكەن كە لەئاست ئەو پرسەدا بێدەنگنابن و بە هەرچ نرخێك بێت داكۆكی لە دەنگەكانیان دەكەن.

كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لەزاری ئەبو عەلی عەسكەری، كە وتەبێژی سەربازیی ئەو گروپەیە ڕایگەیاند، “ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕوویدا گەورەترین پرۆسەی هەڵخەڵەتاندن و بازدانە بەسەر گەلی عێراقدا، بەهەموو جەربەزەیی و پێداگیرییەكەوە دەوەستین لەپێناو گەڕاندنەوەی دۆخەكە بۆ ڕێڕەوە ڕاستەكەی، ڕێگە بەهیچ كەسێك نادەین ڕۆڵەكانی عێراق بچەوسێنێتەوە یاخود سەركزیان بكات”.

هاوكات هادی عامری ڕێبەری هاوپەیمانیی فەتح ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، “بەم ئەنجامە شێوێندراوانە قایلنین و بە هەرچ نرخێك بێت بە هەموو هێزێكمانەوە بەرگری لە دەنگی كاندیدەكانمان و دەنگدەرانمان دەكەین”.

جگە لەو لایەنە شیعییانە، حزبی ئیسلامیی عێراقی كە حزبێكی سوننییە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوكردەوە و ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە.

بابەتی پێشتر

کام یانەیەی ئەوروپا خاوەنی گرانبەهاترین پێکهاتەیە؟

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ گۆڕان: دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share