بافڵ تاڵەبانی بۆ گۆڕان: دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین

بافڵ تاڵەبانی و عومەر سەید عەلی

وەفدێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی ڕاستەقینە دەزانین و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین.

ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی، بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا ڕوونیکردەوە، یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی ڕاستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەمان بکەین.

وتیشی، “دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان”.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغداد بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتەئەستۆ ‌و بە یەكڕیزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەن.

ڕوونیشیکردەوە، لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەوراز و نشێودا دەڕوات، بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیروان و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پرۆژەی ھاوبەشیشیان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و ڕەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرن و بیکەنە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.

ھاوسەرۆکی یەكێتی دووپاتیشکردەوە، لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.

بابەتی پێشتر

عەسائیبی ئەهلی حەق ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەتكردەوە و هەڕەشەدەكات

بابەتی دواتر

جڤاتی نیشتمانی: خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسیارێتییەكەیان لەئەستۆگرت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كۆمسیۆن دەربارەی پێدانی پارە لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان ڕوونكردنەوە دەدات

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەك دەربارەی پێدانی پارە لەلایەن كۆمسیۆنەوە لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان، بەرپرسێكی كۆمسیۆن ڕەتیدەكاتەوە و بەهەواڵی…
Total
0
Share