ئەمینداری گشتیی “بزووتنەوەی نوجەبا” و ڕاوێژكاری باڵای ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری سەربازی لە تاران كۆبوونەوە.
ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتیی “بزووتنەوەی نوجەبا” كە یەكێكە لە گرووپە چەكدارەكانی شیعە لە عێراق، سەردانی ئێرانی كردووە و بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بزووتنەوەكە لە تاران، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم ناوبراو لەگەڵ لیوا- یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژكاری باڵای ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری سەربازی، پرسی بوونی ئەمریكا لە عێراق و “هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل”یان تاووتوێكردووە، ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە “چەندین شاندی ئیسرائیلی، لەژێر ناوی چالاكی ئابوری و شارستانیدا هاتوونەتە عێراق.”
لە كۆبوونەوەكەدا، كەعبی ڕایگەیاندووە، “هەندێك سیاسەتمەدار و حزبی گەندەڵ لە عێراق دەیانەوێت ڕێگەخۆشبكەن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل، ئەمریكا-ش هەوڵدەدات داعش و حزبی بەعس زیندووبكاتەوە، ئەمریكا هەوڵدەدات قەیرانی ئابوری و ئەمنی لە عێراق-دا دروستبكات و وڵات بەرەو وێرانكاری و ناسەقامگیری ببات.”
وەك ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، ئەمینداری گشتیی “بزووتنەوەی نوجەبا” جەختیكردووەتەوە لەوەی كە “باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ناوەندێكی دیپلۆماتی نییە، بەڵكو بنكەیەكی سەربازییە و ناوەندی سەركردەكانی گرووپە لادەرەكانە.”
لای خۆیەوە، لیوا- یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژكاری باڵای ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری سەربازی، ڕایگەیاندووە، “بە گوێرەی ئەزموونی پەنجا ساڵەم، ئەمریكا شەڕێكی ڕەهایە و دەیەوێت پەیوەندیی ئێران و عێراق بپچڕێنێت و عێراق ببەستێتەوە بە ئوردن و سعودیە و ئیسرائیل-ەوە.”
ئەو كاربەدەستە سەربازییەی ئێران وتوویەتی، “ئەگەر عێراق و ئێران یەكبگرن، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانن فەڵەستین ڕزگاربكەن، پێموایە خوێنی لیوا- قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس قودس ڕزگاردەكەن.”
ساڵی ڕابردوو، دوای هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لەلایەن گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە، واشنتن “بزوتنەوەی نوجەبا”ی خستە لیستی تیرۆرەوە.