ئەردۆغان وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە و ئاڵنگاری دەكات

ئەردۆغان كارادنەوەی بەرانبەر سزاكانی ئەمریكا بەسەر كەرتی سەربازی و بەرگریی توركیا نواند و دەڵێت، “هەنگاوەکانمان خێراتر دەکەین بە ئاڕاستەی بنیاتنانی پیشەسازیی بەرگری تا دەگاتە ئاستی سەرکردایەتیكردنی جیهان.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم رایگەیاند، “سزاکانی ئەمریکا هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە سەروەریی تورکیا، پاڵنەری ئەمریكا لە پشت سزاكانەوە، ئەوەیە دەیەوێت پیشەسازیی سەربازیی تورکیا پەكبخات و ئەو هەنگاوانەی توركیا لە پیشەسازیی بەرگرییدا ناونی، ڕابگرێت بۆ ئەوەی ناچاری بكات پشت بە دەرەوە ببەستێت.”

سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا كە ئاژانسی “ئەنادۆڵو” بڵاویكردووەتەوە، وتی، “یەكەم جارە ئەمریكا بەپێی یاسای كاتسا، وڵاتێكی ئەندامی نات سزابدات.”

جەختیشیكردەوە كە توركیا لە نزیکەوە چاودێریی هەوڵی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆن و دامەزراوەکان لە ناوخۆی توركیادا دژی حکومەت بەکاربهێنن.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، “بەهۆی ڕەفتارەکانی تورکیا سزایان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و سزاکانیش دامەزراوەکانی پیشەسازیی سەربازی و پیشەسازیی بەرگری دەگرنەوە.”

ئەمریکا هۆكاری سەرەكیی سەپاندنی سزاكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەوڵەكانی توركیا لەپێناو کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکی (S-400) لە ڕوسیا و دەڵێت، “چەندین جار هۆشداریمان دا بە ئەنكەرە ئەو هەنگاوە نەنێت.”

دوای سەپاندنی سزاكان و لە درێژەی وتەكانی ئەمڕۆیدا، سەرۆككۆماری توركیا جەختیكردەوە كە هەنگاوەکانیان خێراتر دەکەن بە ئاڕاستەی بنیاتنانی پیشەسازیی بەرگری تا دەگەنە ئاستی سەرکردایەتیكردنی جیهان.

بابەتی پێشتر

لە ڕیاڵ بەردەوامدەبێت یان دەڕوات؟ ڕامۆس بڕیارێکی گرنگیدا

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕوداوی مزگەوتەكە ڕونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share