پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتبار دەستگیركراون كە 24 تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ژمارەیەک ھاوڵاتی لە بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان سکاڵایان تۆمارکرد کە دزیان لێکراوە، نوسینگەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان ڕاسپێردران لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
پاش لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی- نوسینگەی کوردسات ھەردوو تۆمەتبار (ر.ت.أ.) لەدایکبووی 1988 و (م.ع.ش.) لەدایکبووی 1985 دەستگیرکرد کە 24 تاوانی دزیکردنیان ئەنجامداوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەر دانیان بەتاوانەکەیاندا نا و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.