سەرەتای هەموو هەفتەیەک پشکی هەرێمی کوردستان لە ڤاکسینی کۆرۆنا کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابیندەکرێت، دەگات، بۆ ئەم هەفتەیە 70 هەزار ژەمی فایزەر و نزیکەی 50 هەزار ژەمی ئەسترازێنیکا دەگەنە هەرێمی کوردستان.
لەوبارەیەوە دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەموو هەفتەیەک پشکی هەرێمی کوردستان لە ڤاکسین کە عێراق دابینی دەکات، دەگات”.
بۆ ئەم هەفتەیە پارێزگای هەولێر 20 هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەر و دهۆک 20 هەزار و پارێزگای سلێمانیش 28 هەزار ژەمی فایزەری پێدەگات.
هەروەها دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بۆئەوەی پرۆسەی خۆڤاکسینکردن بەردەوام و خێراتربێت، 11 بنکەی دیکەمان زیادکردووە و لەو بنکانەشدا ڤاکسینی فایزەر دەدرێت بە هاوڵاتییان، بەمەش ژمارەی بنکەکان دەبنە 12 بنکەی دابەشکردنی ڤاکسینی فایزەر”.
لەهەمانکاتدا بڕیارە نزیکەی 50 هەزار ژەمە ڤاکسینی جۆری ئەسترازێنیکا بگاتە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە 10 هەزار ژەمی بۆ سلێمانی و هەریەکە لە هەولێر و دهۆکیش 20 هەزار ژەمی پێدەگات.