مەکتەبی سیاسیی یەکێتی چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییەكان و دیاریكردنی ڕێوشوێنی دروست دووپاتدەكاتەوە، بەشێوەیەك ئارامیی هەرێمی كوردستان و سلێمانی پارێزراوبێت.
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەكێتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەكتەبی سیاسیی حزبەكە لە سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی بواری حزبی و هەڵبژاردنەکان تاوتوێکران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، “وێڕای گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی ڕێوشوێنی دروست بۆیان، لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمیی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە، تەئکید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتیی کرایەوە بەرەو هەڵمەتێکی پڕ جۆش و خرۆشی پێکەوەیی و دیموکراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان، کە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا”.
مەکتەبی سیاسی، مەکتەب و مەڵبەندەکان و ئۆرگانەکانی یەکێتیی ڕاسپاردووە، “هاوشانی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان، پەیوەستی میحوەر و بازنەکانی هەڵبژاردن بن، کە ئەرکی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردندا.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، “سەرکەوتنی هاوپەیمانی کوردستان ئاسۆیەکی ڕوون و نوێ لەبەردەم گەلی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتی و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە، کە هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و ڕێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام”.