دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، “ئەمریكا ناوی سودان لە لیستی وڵاتانی هاوكاری تیرۆر دەردەهێنێت، دوای ئەوەی حكومەتی سودان 335 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو بدات بە خێزانی ئەو ئەمریكییانەی زیانمەندی تیرۆرن.”
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەكەم، ترامپ لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “حكومەتی نوێی سودان بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە قایل بووە 335 ملیۆن دۆلار بدات بە قوربانییانی تیرۆر و خانەوادەكانیان.”
سەرۆكی ئەمریكا نووسیویەتی، “دوای دانی ئەو پارەیە، دەستبەجێ سودان لە لیستی وڵاتانی هاوكاری تیرۆر دەسڕمەوە. دواجار، دادپەروەری بۆ گەلی ئەمریكا، و هەنگاوێكی گەورە بۆ سودان بەدیهاتن.”
بەهۆی داڵدەدانی گرووپ و كەسایەتیی تیرۆریست، لەوانە ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریكا لە ساڵی 1993ـدا سودان-ی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش تا ئێستا زیانی 300 ملیار دۆلاری بەو وڵاتە گەیاندووە.