سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا پێشبینی بۆ شەڕی ئەفغانستان دەكات، پێیوایە تاڵیبان دەتوانێت تەواوی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات، “بەڵام دەشكرێت ئەوە كۆتایی سیناریۆكە نەبێت”.
مارک مایڵی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی ئەفغانستان قسەیكرد، ڕایگەیاند، پێشكەوتنە سەربازییەكانی تاڵیبان شتێكی هەرلەخۆوە نییە.
مایڵی بەراوردی نێوان هێزی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستانی كرد، ڕایگەیاند، تاڵیبان نزیكەی 75 هەزار چەکداری هەیە، لەبەرامبەردا سوپای ئەفغانستان خاوەنی 300 هەزار سەربازە بەهێزی ئاسمانیەوە، بەڵام سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئێستا لە جەنگدا “ئیرادە و سەركردایەتیكردن” دوو گرنگترین هۆكارن لە یەكلاكردنەوەی شەڕەكان، بۆیە مایڵی دۆخی ئێستای وڵاتەكەی بە تاقیكردنەوە بۆ گەل و هێزە ئەمنییەكان و حكومەتی ئەفغانستان ناوبرد.
بەرپرسە سەربازییە ئەمریكییەكە پێشبینیشی كرد، “بزوتنەوەی تاڵیبان تەواوی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام دەشكرێت سەرکەوتنەکانی بزوتنەوەكە کۆتایی سیناریۆکە نەبێت، ڕەنگە پێشهاتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت”.