١. کوردەکان کێن؟
کوردەکان گرووپێکی ئیتنیکین کە بەسەر وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا و ئەرمینیادا دابەشکراون. بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهان دادەنرێن. کۆی گشتیی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا، نزیکەی ٢٥ ملیۆن بۆ ٤٠ ملیۆن کەسن. کوردانی سووریا کەمترینیانن، نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسن و لە باکووری سووریا نیشتەجێن. زۆربەی کوردەکان موسڵمانی سوننین، بەڵام بەپێی ناوچەکانیان، باوەڕداری شیعی و کریستیان و ئایینزاکانی دیکەشیان تێدایە.
ئەو بارودۆخەی کوردەکانی تێدایە و نیشتیمانێکیان نییە، هۆکارەکەی ئەو هێزە ڕۆژئاواییانە بوو کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نەخشەی ناوچەکەیان کێشا. هاوپەیمانە براوەکانی ئەو سەردەمە (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و هتد)، پەیماننامەی سیڤەریان لە ساڵیان ١٩٢٠ لەسەر پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی مۆر کرد. ئەو ڕێککەوتنە لەسەر حسابی ناوچە ژێردەستەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ناوچەیەکی بۆ کوردەکان جیاکردەوە. بەڵام ئەم پەیماننامەیە لەگەڵ مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ـدا هەڵوەشێنرایەوە، کە بووە هۆکاری کێشانی سنووری دەوڵەتی مۆدێرنی تورکی و دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پەیماننامەیە مافی دەوڵەت-نەتەوەی بە کوردەکان نەدا و خەڵکەکەی بەسەر چەندین وڵاتی جیاوازدا دابەشکرد، هەروەها کوردەکانیشی کردە کەمینەیەکی ئیتنیکی لەو دەوڵەتانەی تێیدا دووچاری ستەمکاری و توندوتیژی دەبوونەوە.
لە سووریا بەتایبەتی، کوردەکان ڕووبەڕووی چەندین پرۆسەی قڕکردن بوونەوە و سەرەتاییترین مافەکان و مافی هاوڵاتیبوونیان لێ زەوتکرابوو. پرۆسەکەش لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی حافز ئەسەد (باوکی بەشەر ئەسەدی سەرۆکی ئێستای سووریا) کە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەوە تا ساڵی ٢٠٠٠ حوكمڕانی سووریای دەکرد، چڕتر بووەوە، دواتریش لەسەر دەستی بەشار ئەسەد بەردەوامی پێدرا.
لە حەفتاکاندا، حکوومەتی حافز ئەسەد عەرەبە سوورییەکانی لە شار و شارۆچکە کوردییەکانی باکوور نیشتەجێ دەکرد و کوردەکانی وەدەردەنا و پشتێنەیەکی عەرەبی دامەزراند. لەهەمان کاتدا، ئەسەد لە دەرەوەی سنووری سووریا پاڵپشتی بەرەنگاریی کوردەکانی دەکرد، بەتایبەتی پاڵپشتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دەکرد لە تورکیا لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان، بەمەبەستی تێهەڵچوون لەگەڵ دوژمنە ناوچەییەکانی سووریا. سەرۆکی زیندانیکراوی ئێستای پەکەکە، عەبدوڵلا ئۆجەلان، تا ساڵانی نەوەدەکان لە سووریا نیشتەجێ دەبوو و لەوێوە هێرشەکانی دەکردە سەر دەوڵەتی تورکیا.
بۆ چەند دەیەیەک، پەکەکە شەڕی توندی لەناو تورکیادا هەڵگریساندووە و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەجەنگا. حکوومەتی تورکیا لە بەرانبەردا خوێناوییانە ڕووبەڕوویان دەبووەوە، شەڕەکە دەیان هەزار کوژراوی لێکەوتەوە.
کوردەکان هەندێک جاریش بەرەنگاری ڕژێمی سووریا بوونەتەوە: بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٠٤، شەڕێک لەسەر تۆپی پێ لەنێوان عەرەبە سوورییەکان و کوردەکان لە قامیشلۆی ڕۆژهەڵاتی باکووری سووریا، ئاڕاستەکەی گۆڕا و بووە ڕاپەڕین و بەرەنگارییەک لە دژی ڕژێم. بەڵام هێزەکانی حکوومەتی سووریا هەرزوو بزووتنەوەکەیان سەرکوتکرد، ئەگەرچی لە دواییشدا بەرەنگارییەکان هەر بەردەوامبوون، بەڵام ڕەنگە ڕەچەڵەکی ئەو واقیعە بووبێتن کە ئێستا لە سووریادا هەیە.
بەڵام کوردەکانی سووریا هێشتا لەڕووی سیاسییەوە یەکگرتوو نەبوون؛ بەسەر چەندین حزب و بزووتنەوەدا دابەش بووبوون. دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠٠١ هەلومەرجەکە گۆڕا، حزبی یەکێتیی دیموکراتیی کورد (پەیەدە) سەریهەڵدا و لەدواییشدا جڵەوی ناوچەکەیان گرتە دەست.
پەیەدە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا دامەزرابوو، لقێکی پەکەکەیە. ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان پەکەکە و پەیەدەدا هەیە، هۆکاری ئەوەیە تورکیا کوردانی سووریا بە مەترسی دادەنێت. ئەڵبەت تورکیاش هەڵە ناکات کە بەو شێوەیە بیبینێت: پەیەدە لە بەشێکی گەورەی سووریادا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ پەکەکەدا هەیەتی. باڵی سەربازیی پەیەدە، ناسراو بە یەکینەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) سوودی لەو چەند دەیەیەی شەڕکردنی پەکەکە لەگەل تورکیادا بینیوە. (هەروەها یەپەژەش هەیە، کە هێزی ژنانی یەپەگەن).
جەنگی ناوخۆی سووریا پەیەدەی کردە دەسەڵاتداری ناوچە کوردییەکان. ئەسەد چاوی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکانی ناو شارە گەورەکان بوو، هەوڵەکانیشی بۆ کپکردنەوەی ڕاپەڕینەکە، سوپاکەی بە خۆیەوە مژوڵ کردبوو. لە هاوینی ساڵی ٢٠١٢ـدا، ئەسەد لە ناوچە کوردییەکاندا کشایەوە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکە ڕووبەڕووی یاخیبووەکان ببێتەوە. ئەمەش بەهانەیەکی دا بەدەست کوردەکانەوە ڕووبەڕووی حکوومەتی بەشار نەبنەوە. هەروەها بۆشاییەکیشی لە ناوچە کوردییەکان دروست کردبوو، کوردەکانیش ئەم بۆشاییەیان قۆستەوە و دەسەڵاتی خۆیانیان لە ناوچەکەدا سەپاند.
کوردەکان ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای ژێر دەسەڵاتی خۆیان ناو نا “ڕۆژاڤا”. لەم ناوچەیەدا، کوردەکان تاکە نەژاد نەبوون، بەڵام پەیەدە بەڵێنی دا کەمینەکان بپارێزێت و کۆمەڵگەیەکی سێکیولار و دیموکرات و یەکسان دابمەزرێنێت. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ـدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی دامەزراند، کە جەنگاوەرە کوردەکانی یەپەگە و یەپەژە سەرکردایەتییان دەکرد، بەڵام پلە سەربازییەکانیان چەندین عەرەبی سووری و کریستیان و ئیتنیکی دیکە لەخۆ دەگرێت.
ئەڵبەت کاتێک ئەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییەی کوردان دەستیپێکرد، کوردەکانی سووریا، ڕووبەڕووی مەترسییەکی دیکە بوونەوە، ئەویش داعش بوو. بەڵام پێش ئەوەی بپەڕێینە سەر گرووپە تیرۆریستییەکە، با لەبارەی تورکیاوە بدوێین.
٢. بۆچی تورکیا زۆر گرنگی بەوە دەدات کوردان لە سوریادا خەریکی چین؟
مەسەلەکە پەیوەندیی کوردانی سوریایە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە)، کە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە لیستی تیرۆردا دایاننابوو.
تورکان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، دەوڵەتێکی مۆدێرنیان دامەزراندووە، بەڵام کوردان ئەمەیان بۆ نەڕەخسا، هەروەها لە سنووری دەوڵەتی تورکیاشدا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ڕێگری لە بەدەستهێنانی مافەکانیان کرا.
پەکەکە لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، بە هەڵگرتنی هزری ناسیۆنالیزمی کوردی و ئایدۆلۆجیی سۆسیالیزمی دامەزرا، ئامانجەکەشیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بوو. پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە جەنگێکی سەربازی لە دژی تورکیا ڕاگەیاند و لە جەنگەکەدا ٤٠ هەزار کەس کوژرا.
پەکەکە پەیوەندیی گومانهەڵنەگری لەگەڵ پەیەدەدا هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی تورکەکانەوە، جیاکردنەوەی ناوچەیەکی سەربەخۆ لەسەر سنووری سووریا و تورکیا، کە کورد بەڕێوەی ببات، مەترسییەکی گەورەترە لە مەترسیی تێکچوونی ناوچەکەیە. ئەردۆغان نایەوێت بەدرێژایی سنوورەکەی هیچ ناوچەیەکی کوردی خۆبەڕێوەبەر هەبێت. لەبەرئەوە جەنگی تیرۆر بەکاردەهێنێت وەک بەهانەیەک بۆ لەشکرکێشیکردنە سەر سووریا و لەناوبردنی.
٣. بۆچی ئەمریکا بەشداری بە کوردان کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا؟
لە ساڵی ٢٠١٤، داعش لەپڕ ناوچەیەکی لە سووریا و عێراقدا داگیرکرد. لەشکرکێشییەکانیان پەلی هاویشت بۆ شارێکی کوردی لەسەر سنووری سووریا – تورکیا، بە ناوی کۆبانێ.
داعش بە مەبەستی ستراتیجی و سیمبۆڵی دەیویست دەست بەسەر شارەکەدا بگرێت. لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ـدا گەمارۆی شارەکەیان دا و ٤ مانگ هەوڵیاندا شار و گوندەکانی دەوروبەری لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیا کوردەکان دەربهێنن.
لە سەرەتاوە، داعش چەک و تفاقی باشیان پێبوو، بەتەواویش چواردەوری میلیشیا کوردەکانیان دابوو. هەزاران دانیشتووانی شارەکە لە ترسی کوشتوبڕی داعش ئاوارەبوون. چەکدارانی داعش بە دیوی سنووری تورکیاشدا هێرشیان کردبووە سەر شارەکە، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی کوردەکان بە پەکەکەوە، ئەنقەرە تەنها وەک بینەرێک بێهەڵوێست بوو. تورکیا ڕەتیدەکردەوە یارمەتیی کوردەکان بدات و کەم تا زۆر ئاسایی بوو بەلایەوە ڕێگە بە داعش بدات دوژمنە کوردەکانی لەناو ببات.
بەڵام ئەمریکا چووە ناو مەسەلەکەوە و هێرشی سەربازی بۆسەر داعش تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ دەستپێکرد. لە سەرەتاوە، پاڵپشتیی هاوپەیمانان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر خاوکردنەوەی لەشکرکێشییەکەی هاوپەیمانان دروست نەکرد و کۆبانێش لە لێواری کەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو.