نوێترین زانیاری لەبارەی سزادانی كۆڕەك تیلیكۆم بە 1.65 ملیار دۆلار

قەرزەكە هی كۆمپانیایەكی كوەیتییە و بۆ كۆڕەك تیلیكۆم وەرگیراوە

بڕیاری دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بە سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی بڕیارێکی پابەندکەرە و لایەنی دۆڕاو لە کەیسەکە ناچاردەکات بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە لایەنی براوە، وەك ئەوەی کۆمپانیای لۆجیستیکی ئەجێڵیتی کوەیتی دەیڵێت.

دەنگی ئەمریكا لە زاری بەدر ئەلجیعان، راوێژکارێکی باڵای کۆمپانیای مەیسانی هاوبەشی ئەجێڵیتی رایگەیاند، “ئەم هەفتەیە نامەیەک بۆ وەڵامدەرەوەکان [کۆرەک تیلیکۆم و سیروان بارزانی] دەنێرین بە مەبەستی بانگهێشتکردنیان بۆ پێشنیارکردنی پلانی پارەدانیان پەیوەست بە بڕیارەکە”.

وەک ئاماژەیەک بە هەڵوێستەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان بارزانی دوای بڕیارەکە، بەدر ئەلجیعان وتیشی، “لێدوانەکەیان ئەوە دەردەخات کە ئەوان هیچ نیازێکیان نییە پابەندبن، بەداخەوە، کە ئەمەش زیاتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان لە بنەڕەتدا رێز لە جێبەجێکردنی سەروەری یاسا ناگرن”.

دووشەممەی رابردوو 20ی ئازار دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تیلیکۆمی ئیماراتی و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتی کوەیتییە لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و بڕیاری دا بە سزادانی کۆڕەک تیلیکۆم بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

بەڵام سیروان بارزانی، کە خاوەنی کۆڕەک تیلیکۆمە رایگەیاند، “ئەو پارەیەی کە دیاریکراوە بڕێکی خەیاڵییە… ئەو بڕەی کە ئەوان باسیدەکەن بە دڵنیاییەوە وەها نابێت وە بێ بنەمایە. ئەو کۆمپانیایەی کە هاتووە و پشکی کڕیوە، بەهای چەندە، تۆ بێیت ملیاری بکەیت…ئەمە شتێکی ناڕەوایە و جێبەجێش ناکرێت بەو شێوازە چونکە راست نییە. دوای ئەوەی تێهەڵچوونەوەی بۆ دەکرێت زۆر دادەبەزێت”.

بەڵام بەدر ئەلجیعان راوێژکارە باڵاکەی ئەجێڵیتی رەتیکردەوە کە بتواندرێت ئەو بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا بهێندرێت و وتی، “ئەم بڕە لەلایەن ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، بە گوێرەی یاساکانی ئەو دادگایە، کۆتایی و پابەندکارە. کۆڕەک/بارزانی توانای ئەوەیان هەیە لە بەردەم دادگای DIFC داواکاری پێشکەشبکەن بۆ لابردنی بڕیارەکە (ناوبژیوانییەکە لە DIFC بوو)، بەڵام بنەماکانی سەرکەوتنیان لەمەدا تەواو سنووردارە، بۆیەش دەرفەتی ئەوان بۆ گۆڕینی بڕیارەکە زۆر دوورە. دادگای DIFC بۆ نموونە پێداچوونەوە بە بنەماکانیدا ناکات بەڵکو تەنیا پێداچوونەوە دەکات بە پرسەکانی سیاسەتی گشتی و دادپەروەریی بنەڕەتی لە پرۆسەکەدا”.

دوو ڕۆژ دوای بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکیدا دڵنیاییدا بە بەشداربووانی کە بڕیارەکە “بە هیچ شێوەیەک” کاریگەری نابێت لەسەر چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی.

کۆڕەک راشیگەیاند کە هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و وتی، “دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم کێشەیە تەنها بابەتێکی تایبەتییە لە نێوان خاوەن پشکەکانی پێشوو و ئێستای کۆمپانیا”.

سەرەتای پەیوەندیی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ ئەجێڵیتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 ئەو کاتەی ئەجێڵیتی و کۆمپانیای ئۆرەنج کە پێشتر ناوی فرانس تێلیکۆم بوو، لە 44%ی پشکی کۆمپانیای کۆڕەکیان کڕی.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەجێڵیتی لە دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سکاڵای ئەوەی کردووە کە سیروان بارزانی، کە هاوکات فەرماندەیەکی سەربازییە، وایکردووە کۆڕەک چەند گرێبەستێک لەگەڵ عێراق سێڵ بە چەند مەرجێکی نهێنی واژووبکات بۆ دەستگەیشتنی کۆڕەک بە کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیکی عێراق سێڵ.

لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، سیروان بارزانی لەگەڵ کەسێکی تر بە ناوی رەیمۆند سەمیر زینا بڕی 150 ملیۆن دۆلاریان لە بانکی نێوکیشوەری لوبنان Lebanon IBL Bank بۆ کۆڕەک قەرزکردووە بە رێژەی سوودی ساڵانەی 13.25%.

رۆیتەر دەڵێت، سکاڵاکەی ئەجێڵیتی سیروان بارزانی و رەیمۆند سەمیر زینای بەوە تۆمەتبار کردووە کە بەڕێوەبەرانی کۆڕەکیان لە خشتەبردووە بەوەی رایانگەیاندووە کە قەرزەکە مسۆگەر نەبووە (بێ زەمانەت) بووە لە کاتێکدا لە راستیدا مسۆگەر بووە، واتە دەبووایە سوودی ساڵانەی نزیکەی لە 4% بێت.

ئەجێڵیتی لە داواکەیدا ئەو رەفتارە بە گەندەڵی دادەنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیروان بارزانی جیاوازی بڕی سوودەکەی لەسەر حیسابی کۆڕەک بۆ خۆی بردووە.

داوا یاساییەکەی ئەجێڵیتی هەروەها دەڵێت، جگە لە رەیمۆند سەمیر زینا، دوو کەسی دیكە بە ناوەکانی عەبدولحەمید ساڵح عەقراوی و نەوزاد حسێن جوندی ئاگادار و هاوبەشی ئەو بەڕێوەبردنە “خراپەی” کۆڕەک بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، کۆمپانیای ئەجێڵیتی لە داوا یاساییەکەدا دەڵێت، “نەبوونی شەفافیەت لە کارەکانی کۆڕەکدا و نەبوونی لێپرسینەوە لە بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە تۆمەتبارەکانەوە هەیە، بوونەتە هۆی خراپ بەکارهێنانی دەیان ملیۆن دۆلار”.

س: سایتی دەنگی ئەمریكا

بابەتی پێشتر

دادگا نەماوە کەیسێکی نەوتی تیا نەدۆڕێنێت

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share