لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٧٢دا دوو پیاوی کورد، مەحموود عوسمان و ئیدریس بارزانی، گەیشتنە بارەگاکانی سی ئای ئەی لە ویلایەتی ڤێرجینیا و ڕێنمایی کران بۆ ئۆفیسی بەڕێوەبەرە ئەفسانەییەکەی دەزگاکە، ڕیچارد ھێڵمس. لەوێدا باسوخواسیان لەسەر گۆڕانێکی سەرسووڕھێنەر لە سیاسەتی ئەمریکادا کرد. ھێنری کیسنجەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک نیکسن، بە شەخسی، “ھێڵم”ی ڕاسپاردبوو ھاوسۆزیی ئەمریکایان بۆ پرسی کورد بۆ دەرببڕێت و ئامادەییان پیشان بدات و خواستەکانیان لەبەرچاو بگرێت کە داوای پشتیوانیی لە ئەمریکا دەکەن. ماوەی دەیەیەک بوو کورد لە شەڕدا بوون لە دژی حکوومەتی عێراق و بێئەندازە داوای پشتیوانییان لە ئەمریکا کردبوو، بەبێ ئەوەی ئەمریکا وەڵامی بۆیان ھەبێت. ھێڵم دەیوت ئیدی ئەمریکا بۆچوونی خۆی گۆڕیوە. بەڵام نەیوتبوو جارێکی دیکە بەزوویی بۆچوونیان دەگۆڕن.
زۆربەی چاودێران زۆر باش لە مێژووی دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە کورد تێگەیشتوون. ئەوەی لەبیرکراو بوو ئەوە بوو، ئەو ناپاکییانەی ئەمریکا پێشبینیکراو بوون، بە سەرەنجدان لە شێوازی پێکگەیشتنی ھەردوولا. ئەگەر لە بنەچە نەوتراوەکانی پەیوەندیی کورد و ئەمریکا تێنەگەین، مەحاڵە لە بڕیارەکەی ترەمپ تێبگەین، کە پشتی تورکیای گرت لە شەڕەکەیدا لەگەڵ کوردانی ھاوپەیمانی ئەمریکا.
مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٢٠، کاتێک کوردەکان، کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن، لە پەیمانی سیڤەردا بەڵێنی خۆڕێبەرییان پێدرا. بەڵام دوو زلھێزەکەی ئەوکات، بەریتانیا و فەرەنسا، لە ١٩٢٣دا پاشگەزبوونەوە و خاکی کوردانیان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا دابەشکرد. کورد لە بەرانبەر ئەم ناپاکییە ڕابوون، بەڵام لەلایەن کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی، فەرەنسی، ئێرانی و تورکییەوە تێکشکێنران. دوای چەن دەیە لە تا ڕاددەیەک ھێمنی، کورد لە پاشھاتەکانی شۆڕشی ١٩٥٨دا جارێکی دیکە ھەوڵیان بۆ خۆڕێبەری دایەوە، کە تێیدا پاشانشینیی ھاشمی ڕووخێندرا.
ھەرەسھێنانی کورد ھەموو ناوچەکە نائارام دەکات
پاش ھەڵایسانی جەنگ لە کوردستانی عێراق لە ئەیلوولی ١٩٦١دا، ئەمریکا سیاسەتی خۆبەدوورگرتن و دەستێوەرنەدانی گرتبووەبەر.
ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەو کاتەدا ئەوە بوو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەغداد ھەبێت و ھەروا بمێنیتەوە. ھەروەک گومان لەسەر مستەفا بارزانی ڕێبەری کوردەکان ھەبوو کە داردەستی کۆمۆنیزم بێت، بە سەرنجدان لەوەی ١١ ساڵ لە تاراوگە و لە یەکێتی سۆڤیەت ژیابوو، لە ١٩٤٧ بۆ ١٩٧٨.
بەڵام دوو ھاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا (ئێران و ئیسرائیل) زوو بۆیان دەرکەوت کوردی عێراق ھاوپەیمانێکی ئایدیۆلۆجی و ستراتیجیی بوون، کە دەکرا بەکاربھێنرێن بۆ کۆتکردنی ڕژێمی توندڕەوی ناسیۆنالیستی عەرەبی عێراقی و سوپا گەورەکەی. لە ناواڕەستی ١٩٦٢ەوە شای ئێران فەرمانی بە ئاژانسە ھەواڵگرییەکەی خۆی، ساواک، کرد ھاریکاریی دارایی یاخیبوونی کوردانی باکووری عێراق بکات بۆ ئەوەی زەبر لە ئارامیی ڕژێمی بەغدا بدەن. ئیسرائیلییەکان لە ١٩٦٤دا ھاتنە ڕیزی دەستێوەردانە ئێرانییەکە، پاش ئەوەی دەیڤد بنگۆریۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوردی وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیجی ناساند لە دژی ڕژێمی توندڕەوی عەرەبیی بەغداد. لە دەیەی پاش ئەوەدا ستراتیجی ئیسرائیلی و ئێرانی بەمشێوەیە بوو: تا ئەوکاتەی کورد ھەڕەشەیەکی دیار و مەترسی بن لەسەر بەغداد، سوپای عێراق ناتوانێت بخرێتەگەڕ بۆ شەڕی دژی ئیسرائیل و نابێتە لەمپەر لە بەردەم ھەڵپەی ئێران لە کەنداوی فارسدا. ئەوەبوو لە ١٩٦٧دا عێراق نەیتوانی ھێزەکانی بنێرێت بۆ شەڕی عەرەب-ئیسرائیل و لە ١٩٧٣شدا تەنھا توانی فیرقەیەکی زرێپۆش بنێرێت، ئەویش چونکە ٨٠٪ی سوپاکەی لە باکووری عێراق مۆڵ دابوو.
ئەمریکییەکان درەنگتر ھاتن. لە ناوەڕاستی ١٩٦٠کانەوە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان لە ھەوڵدا بوون بڕوا بە کۆشکی سپی بھێنن کە چاوێک بە سیاسەتی خۆدورگرتنی خۆیدا بخشێنێتەوە، کوردیش بە ھەمان شیوە ھەوڵیان لەگەڵ ئەمریکییەکان دەدا و ماوە ماوە لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیداریان ساز دەدا. ھەموو جارێک بە ڕێزەوە بەخێرھاتن دەکران، بەڵام داواکانیان ڕەتدەکرانەوە.
کاتێک لە تەممووزی ١٩٦٨ حزبی بەعس دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵی دواتر وەک ھێزی سیاسیی سەرەکی خۆی چەسپاند، ئەم سیاسەتەی ئەمریکا گۆڕدرا. لە ئازاری ١٩٧٠ سەددام حوسێن بۆی دەرکەوت شەڕ لە دژی کوردان ھەوڵێکی مایەپووچە و خۆی بەڕێ کەوت بۆ باکوور و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە. سەددام بە ھەموو داواکارییەکان ڕازی بوو، کە خۆڕێبەریی کورد بوو لە چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراقدا، بەڵام وتی پرۆگرامەکە تاوەکو ساڵی ١٩٧٤ی دەوێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێت. ئەوە بوو ڕێککەوتنی ئازار کاتی بەخشییە ھەردوولا. سەددام توانی دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و بارزانی توانی ھاوپەیمانێکی نوێی بەھێز دەستەبەر بکات کە ئەمریکا بوو.
پاش ڕێککەوتنی ئازار، سەددام بەتوندی عێراقی بەرەو باوەشی سۆڤیەت ڕاکێشا. لە دیسێمبەری ١٩٧١دا، عێراق ڕێککەوتننامەیەکی کڕینی چەکی لەگەڵ مۆسکۆ واژوو کرد. لە نیسانی ١٩٧٢ش پەیماننامەی ھاوڕێیەتی و ھاوئاھەنگی لەگەڵ واژوو کردن. مانگێک پاش ئەوە، سەرۆک نیکسن پاش گەشتێکی سەرکەوتووانە و لەڕێگەی گەڕانەوەی لە لوتکەی مۆسکۆ، سەردانی تارانی کرد. نیکسن لە لوتکەی مۆسکۆدا نێوانی ئەمریکا و سۆڤیەتی ھێور کردبووەوە. شای ئێران داوای لە سەرۆک نیکسن کرد لە دژی عێراق یارمەتیی کورد بدەن.
دوای پێداچوونەوەیەکی وریایانەی مەترسییەکان، ئیدارەی سەرۆک نیکسن گەیشتە ئەو بڕوایەی پەیوەندییەکانی عێراق-سۆڤیەت گەیشتووەتە ڕادەیەکی ئەوتۆی مەترسی کە ئیدی پێویست دەکات یارمەتیی کورد بدرێت. پاش چرا سەوزەکەی نیکسن، پرۆسەی یارمەتیدانی کورد لە ئۆفیسی ھێنری کیسنجەر لە کۆشکی سپییەوە دەستیپێکرد. لەنێوان ئابی ١٩٧٢ و کۆتایی ١٩٧٤دا کە گرژی لەنێوان کورد و عێراق دەستیپێکردەوە، کیسنجەر زنجیرەیەک ڕاوێژی لەگەڵ ئێرانی و ئیسرائیلی و کوردەکاندا دەستپێکرد لەبارەی ئەوەی چۆن پشتیوانیی کورد بکرێت لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان کورد و بەغداد کە ھەر ڕوویدەدا. ئەمە بە مانای ئەوە بوو چەک ئامادە بکرێت و لەسەر تەکنیکی مۆدێرنی جەنگ ڕاھێنان بە جەنگاوەرانی کورد بکرێت، ئەوە لەکاتێکدا پەیوەندیی نێوان کورد و بەغداد ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپی دەچوو.
لە سەرەتای ١٩٧٤دا سەددام مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئازاری پێشێلکرد و تاکلایەنە کۆپییەکی بچووککراوەی ئۆتۆنۆمی بەسەر کورددا سەپاند. بارزانی لە کاردانەوەدا گەشتێکی بۆ ئێران ئەنجامدا و لەوێ چاویکەوت بە شای ئێران و بەرپرسی وێستگەی ناوچەیی (سی ئای ئەی) و داوای پشتیوانی لێکردن بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی عەرەبی-کوردی کە بانگەشەی ئەوە بکات ئەو حکوومەتی شەرعیی عێراقە. وەکو کیسنجەر لە ساڵی ١٩٩٩ لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت: “داواکارییەکانی بارزانی لەناو بەرپرسانی ئەمریکا لافاوێک لە پەیوەندیکردنی بەدوای خۆیدا ھێنا و سەرنجیان خستە سەر دوو پرسیار: ئایا ئەمریکا پشتیوانیی ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی خۆڕێبەریی کورد دەکات و ئایا ئەمریکا تا چ ڕادەیەک ئامادەی پشتیوانیی کوردە؟ سی ئای ئەی بە تایبەت ھۆشداریی دابوو لە زیاترکردنی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد.”
بەڵام کیسنجەر گوێی نەدایە ھۆشدارییەکانی ویلیام کۆڵبی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و وەکو خۆی دەڵێ “ھۆشدارییەکەی کۆڵبیش ھێندەی حەماسەتی بارزانی ناواقیعی بوو”. لە کۆتاییدا نیکسن بڕیاریدا ھاوکارییەکانی بۆ کورد زیاد بکات، لەوانە ٤٠٨ ھەزار کیلۆگرام چەکی سۆڤیەتی کە دەزگای سی ئای ئەی ھەڵیگرتبوون، ھەروەھا ملیۆنێک دۆلار پارەی کاش بۆ پشتیوانیی پەنابەران. لە نیسانی ١٩٧٤دا نیکسن فەرمانی کیسنجەری گەیاندە باڵیۆزی ئەمریکا لە تاران. ئەم پەیامە گرنگ بوو، چونکە کورتەی ئاشکراکردنی ھەبوونی بەرژەوەندیی ئەمریکا بوو لە پشتیوانیی کورددا. بە قسەی ئەو ئامانجەکانی ئەو پەیامە بەمشێوەیە بوون: ١- ھاوکاریی کورد بکات تاوەکو بنەمایەکی پەسەندیان ھەبێت بۆ گفتوگۆکردنی داننان بە مافەکانیان لەگەڵ بەغداد. ٢- بۆ ئەوەی حکوومەتی ئێستای عێراق بە کۆتکراوی بھێڵرێتەوە. ٣- بەڵام عێراق بۆ ھەمیشە دابەش نەکرێت، چونکە ناوچەیەکی سەربەخۆی کورد ناتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە توانای ژیانی ھەبێت و ھەریەکە لە ئێران و ئەمریکاش بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەوە نییە دەرگا دابخەن لەسەر ھەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ حکوومەتێکی میانەڕەو لە عێراقدا.
ھەروەک ئەوە ڕوون بوو کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ حوکمداریی کورد لە درێژماوەدا ناکرێت، چونکە ناتوانرێت ئەمە بە شاراوەیی بھێڵرێتەوە، ھەروەھا نیگەرانیی قووڵ لەناو حکوومەتی ئەمریکادا ھەبوو لەبارەی توانای مانەوە و بەردەوامیی دەوڵەتی کوردی، ئەوە جگە لە ترسەکانی خودی شا لەبارەی سەربەخۆیی کورد، چونکە ئێران خۆی کەمینەیەکی قەبارەگەورەی کوردی ھەیە. ئەم خاڵە ھەر لە سەرەتای پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکاوە گەیەنرابووە لایەنی کوردی و لە سەراپای پرۆسەی پەیوەندییەکەدا جەختی لێکرابووەوە.
ئەمە تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشەیەی ھەمیشە کوردەکان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، کە گرفتەکە لایەنی جوگرافییانە. کوردستانی سەربەخۆ بەدڵنیاییەوە لەڕووی جوگرافییەوە داخراو دەبێت، بەوەش ناتوانێت بەشداری لە چالاکیی ئابووریی جیھانیدا بکات، بەبێ پشبەستن بە ھێزە دەرەکی-و نەیار-ەکانی وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا. بۆ نموونە کورد ئەگەر بیانەوێت نەوت و گازی سرووشتی ھەناردەی دەرەوە بکەن، ئەوە دەبێت سەرەتا لەڕێگەی بۆرییەوە بە خاکی وڵاتێکی دراوسێدا بیگەیەننە بازاڕە جیھانییەکان. ئەگەر ھیچیەک لەم وڵاتانە ڕازی نەبوون، ئەوە ئابووریی کوردی دەتەپێت. تەنانەت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک گەشتوگوزاریش پشت بە چەتر و پشتیوانیی دەرەکی دەبەستێت، چونکە بۆ ئەوەی گەشتی ئاسمانیی تایبەت بە کوردستان ئەنجام بدەیت، دەبێت لە سنووری ئاسمانی وڵاتانی نەیارییەوە ئەنجامی بدەیت، وڵاتانێک کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکاش ھەیە. ھەربۆیە سەرەڕای ھاوسۆزییەکی قووڵ بۆ کورد و پرسەکەی، ئەمریکا ھەمیشە ڕاشکاو بووە -بۆ خۆی، ئەگەر ھەموو جارێک بە ئاشکراش نەیوتبێت- لەبارەی خۆدوورگرتنی لە پشتیوانیی سەربەخۆیی کورد.
لە کۆتاییەکانی ١٩٧٤دا سوپای عێراق ھێرشێکی تەواو فراوانی لە دژی کورد ئەنجامدا، دەستکەوتی گەورەی لە ناوچە شاخاوییەکان بەدەستھێنا، بەھۆی ڕێنمایی وردی ڕاوێژکارانی سوپای سۆڤیەت. ئەوەبوو سەرەڕای ھەوڵی ئێران و ئیسرائیل بۆ پشتیوانیی سەربازی لە کورد، عێراقییەکان لە زستانی ١٩٧٤-١٩٧٥ دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت. ئەمە وای لە کیسنجەر و ئیسرائیل کرد پلان دابنێن بۆ پڕچەککردنی کورد بە بەھای ٢٨ ملیۆن دۆلار.
بەڵام ئیدی زۆر درەنگ بوو، باری جیۆپۆڵەتیک لە دژی بەرژەوەندیی کورد گۆڕابوو. لە ١٨ی شوباتی ١٩٧٥ شای ئێران لەگەڵ کیسنجەر لە زیوریخ یەکیان بینی. شا پێی وت کورد ھیچ چارەیەکیان نەماوە و بیری لەوە کردووەتەوە لە مانگی ئازار لە کۆنفرانسی ئۆپیک سەددام ببینێت و بزانێت ئامادەیە ھەندێک سازشی سنووریی پێبکات. کیسنجەر لە یادەوەرییەکانیدا لە لە ١٩٩٩ دەڵێ کە ئەو دژی پێشنیازەکەی شا بووە و بیری خستووەتەوە کە “ھەر خۆت ھۆشداریت دەدا کە ھەرەسھێنانی کورد ھەموو ناوچەکە نائارام دەکات”.
ھەرەسھێنانی کورد ھەموو ناوچەکە نائارام دەکات.
قسەکانی کیسنجەر ڕۆڵیان نەبوو. ئێران بڕیاری پێشوەختەی خۆی گەیاندە ئەمریکا کە کارەکەی کردووە. لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥ شا و سەددام ڕێککەوتننامەی جەزائیریان ئاشکراکرد، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی نیمچە سەروەریی ھەردوولایان بەسەر ڕێڕەوی ئاویی شەتولعەرەب دیاریکرد، لە بەرامبەر ئەوەی ھیچ لایەک دەستێوەردان لە کاروباری ئەودیکە نەکات. دەستێوەردان لە بابەتی کورددا وەستێنرا. شا فەرمانی کرد سنووری ئێران لەگەڵ عێراق دابخرێت، ئەوەش واتە فڕێدانی کورد بۆ بەردەم گورگەکە. کە سنوور داخرا، ئیدی ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەما بەردەوام بن لە ھاوکاری و پشتیوانیی بۆ کورد. ڕۆژی دواتر، عێراقییەکان تەواوی ھێزی خۆیان لە دژی کورد خستەگەڕ و ھەزاران کەسی سیڤیلیان ناچار بە ھەڵاتن بەرەو ئێران کرد. ئەفسەرانی سی ئای ئەی و ھێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل کە پێشووتر یارمەتیی کوردە ھاوپەیمانەکانیان دەدا، بۆ جەنگان لە دژی عێراق، واقیان وڕمابوو! کیسنجەریش بە ھەمانشێوە کە سێ ساڵ بوو ماندوونەناسانە لە ھەوڵی ئەوەدابوو چانسی جەنگان و بەرەنگاری بداتە کورد. ھیچ شتێک نەدەکرا بۆ ئەوەی ڕێگە لەو کوشتارەی کورد بگیرێت. پچڕانی ھێڵی سنووریی ئێران لەگەڵ عێراق، ھیچ ڕێوشوێنێکی نەھێشتبووەوە بۆ بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ کورد. ھێزەکانی سەددام لە ھیی کوردان زۆرتر بوون، ١٤٠٠ گوندییان لەگەڵ زەوی تەختکرد، ھەزاران شوێنکەوتووی بارزانییان دەستبەسەر کرد و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا فەرزکرد.
ئەم کۆتاییە تراژیدییەی دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ پستیوانیی کورد بووە دەستپێکی ئەو ڕووتێکردن و پشتتێکردنەی کە تاوەکو ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کورددا دەبینرێت. پاش ئەوەی ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل لەساڵی ١٩٧٥ پشتیوانیی خۆیان بۆ کورد ھەڵوەشاندەوە، ھەزاران کورد لە عێراق گیانیان لەدەستدا. لە ١٩٨٠کاندا کورد و ئەمریکا خۆیان لە دوو بەرەی پێچەوانەی یەکدیدا بینییەوە لە جەنگی عێراق-ئێراندا، کە تێیدا سەددام بەشێوەی بەرنامەبۆداڕێژراو بە چەکی کیمیایی ھێرشی کردە سەر ھەریەک لە ئێران و کورد و جینۆسایدی بەرفراوانی لێکەوتەوە لە کوردستانی عێراق.
ھەڵکشان و داکشانەکە لە ١٩٩٠کاندا دیسان گۆڕایەوە. دوای ئەوەی عێراق لە ١٩٩٠ پەلاماری کوەیتی دا، ئەمریکا ھانی کوردی دا لە دژی حکوومەتی سەددام شۆڕش بەرپا بکەن، کەچی ئەو کاتەی کورد پێویستی بە ئەمریکا بوو، جۆرج بووش پشتی بەردان. لە نیسانی ١٩٩١ کۆشکی سپی ھەستی بە ھەڵەی خۆی کرد و ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامیی جێبەجێکرد، کە تێیدا ناوچەی دژەفڕین لە باکووری عێراق چەسپێنرا و وایکرد کورد لە ئاشتیدا بژین. لە ١٩٩٢ کوردی عێراق حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دامەزراند، کە بووە ھاوپەیمانێکی بێ چەندوچۆنی ئەمریکا لە کاتی شەڕی عێراق و شەڕی دژی داعش.
وا دەردەکەوێت ئەمریکا ھەڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ی خۆی ڕاستکردووەتەوە، تاوەکو ئیستا، بەڵام تەنانەت ئەم ناپاکییەی دواییش نابێت مایەی شۆک بێت. ئەوە تەواو ھاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بەرانبەر بە کورد، کە ئەمریکا ھەر لە سەرەتاوە لە ژوورە داخروەکاندا باسی کردووە.