سبەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە كەركوك دەستبەكاردەبێت، گەڕانەوەی پێشمەرگەش ڕەتدەكرێتەوە

تەنها ئەفسەرانی كورد لە ژوورە هاوبەشەكان دەستبەكاردەبن

سبەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە كەركوك دەستبەكاردەبێت، دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەكە هەبوو، بەلام بەرپرسانی پێشمەرگە ڕەتیدەكەنەوە، لەئێستادا هیچ بڕیارێك لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هەبێت.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سبەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەربازگەی “كەی وەن” لە كەركوك دەستبەكاردەبن.

وتیشی، “بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا ئەفسەرانی دیاریكراوی پێشمەرگە لە ژوورەكانی دیكەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە هەریەك لە مەخمور و موسڵیش دەستبەكاربن”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە خانەقین وەك یەكەم ژووری ئۆپراسیۆنی مەیدانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستی بەكاركرد.

لیوا قارەمان ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانەكانی دەستبەكاربوونی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەرچووە و لەم هەفتەیەدا دەستبەكاردەبن.

دوابەدوای ڕووداوەكانی ئەمدواییەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە چەند جارێك هێرشكرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، سەرەتای ئەم مانگە لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەشداریی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، دوای چەند ساڵێك وتووێژ، بڕیار لەسەر كردنەوەی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان درا.

دەربارەی ئەوەی هەنگاوی پێكهێنانی ژوورەكان، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی بەدوادادێت، بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وتی، “پەیوەندی بە گەڕانەوەی پێشمەرگەوە نییە، كردنەوەی ئەو چوار بنكەیە بۆ ئەوەیە هەماهەنگی دروستببێت لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەڕووی ئۆپراسیۆن و هەواڵگری و پەیوەندییەكانەوە”.

دوپاتیشیكردەوە، بۆ ئەوە هێشتا هەنگاوی دیكە ماوە، “گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان هێشتا بڕیاری لەسەرنەدراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئومێدەوارین لە داهاتوودا بگەینە ئەو هەنگاوەی هێزی هاوبەش پێكەوە دروستبكەین، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی گرنگن لەلایەن هەردوولاوە كۆنتڕۆڵبكەین”.

لای خۆیەوە لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پێشمەرگە بە فەرمان جموجوڵ دەكات، هیچ فەرمانێك بۆ هێزی پێشمەرگە نەهاتووە تا جوڵە بكەن بۆ پێشەوە بەرەو كەركوك، یان بەرەو هەر ناوچەیەكی دیكە.

وتیشی، “لەدوای پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنەكان لە ناوچەكانی خانەقین و كەركوك و موسڵ لەنێوان پێشمەرگە و سوپا، دەشێت فەرمانمان بۆ بێت بۆ جوڵەپێكردنی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی ناوچەكان، بەڵام تائێستا هیچ فەرمان و بڕیارێكی لەو جۆرە نییە”.

بابەتی پێشتر

حكومەت بە بازرگانانی قەرزدار ناوێرێت.. وا بڕوات وەرگرتنەوەی قەرز لە سەرمایەداران 100 ساڵی دەوێت

بابەتی دواتر

كوژرانی 7 سەربازی توركیا لە باشووری كوردستان ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share