ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق: داهاتی نانەوتی هاوشێوەی نەوت یەکلاییبکرێتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، داهاتی نانەوتی یەکلاییبکرێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی بڕگەکانی کۆبوونەوەکە:

لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێکی تایبەت بە بارودۆخی دارایی نوێی هەرێم لە رووی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕوو، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری ئامادەکرابوو، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدرا، کە دوای رێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بارودۆخێکی دارایی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هاتووەتەئاراوە، کە پێویست بە پێداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەکات.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە کە لە رۆژی 27ی ئەیلولی 2025ـەوە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند رۆژی رابردوودا، بە تێکڕايی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵ و هیوای خواست، کە حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامبێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشیپێکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە هەمان کاتدا جەختدەکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردوو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دووەم لە یاسای بودجەی فیدراڵ کە بە دەقی یاسایی روون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان دیاریکردووە.

سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر گرنگیی رەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تاوەکو ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی بۆ هەرێم خەرجنەکردووە بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم، سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراوی پێویست لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 تریلیۆن دینارە، بۆیە ناچار هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی، ئەم خەرجییانەی ئەنجامداوە لە دوای داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بەشێوەیەکی زۆر روون و ئاشكرا، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە بە بەردەوامی وردبینیی بۆ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران داواکارە لە حکومەتی فیدراڵ کە وەفدی دانوستانکاری هەردوو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتییش یەکلاییبکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.

بڕگەی دووەم تایبەتبوو بە پێشنیازێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد خرایەڕوو و پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کرد، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ـی ساڵی 2021 ناگونجێت.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.

لە بڕگەی سێیەمدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکی لەبارەی (رێبەری سەلامەتی) پێشکەشکرد کە ئامانجی ئەم رێبەرە، پاراستنی گیان و سامانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دابەشدەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، رۆژی شەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دابەشدەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی…
Total
0
Share