توركیا سزایەكی نوێی بۆ داڕێژراو، دژی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) دەسەپێنێت، و ڕێگه‌ی هیچ دیدارێكی پێنادات.
ڕێزان ساریجا، یه‌كێك له پارێزەره‌كانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕایگەیاندووە، سزایەکی نوێی بۆداڕێژراو بەسەر ئۆجه‌لاندا سەپێنراوە، كه بریتیه له درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی دیدار له‌گه‌ڵیدا بۆ كاتێكی نادیار.
ئاماژەی بەوەشكردووە، به‌گوێره‌ی یاسا نابێت، ئه‌و سزایه له مانگێك بۆ سێ مانگ درێژتربێت، به‌ڵام سزاكه‌ی ئۆجه‌لان هیچ واده‌یه‌كی بۆ دیارینه‌كراوه، و بۆ كاتێكی نادیار ڕێگه‌ی دیدار‌و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر و تەنانەت كه‌سوكاره‌كه‌شی پێ‌نادرێت.
پارێزەرەكەی ئۆجەلان باسیلەوەشكردووە، “دەبێت کۆمەڵگە لە دژی ئەو سزا نوێیه بێده‌نگ نه‌بن و به‌رامبه‌ری بوەستنەوە، چونكه لە 15ی ئازارەوە،هەموو ڕۆژێک داوای چاوپێکەوتن و دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكەن، به‌ڵام سه‌رجه‌م داواکان بێ ئەنجامبوون.
ڕێزان ساریجا ئەوەشیخستووەتەڕوو، چەند جارێك داوای نمونەی دۆسیەکەیان کردووە، بەڵام دادگا داواکەیانی ڕەتکردوەتەوە، و تا ئێستاش وەڵامی تانەکەیان لە سزاکە نەدراوەتەوە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، زۆرێک لەو بڕیارانەشی، کە دژی ئۆجەلان دەردەكرێن، ئەوان ئاگادارناكەنەوە.