ئیسرائیل چەك ئامادەدەكات بۆ ئەگەری “لێدان”ی ئێران

ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی ئاشكرایدەكات كە ئیسرائیل لە وتووێژی ئەتۆمیی نیگەرانە و ڕێڕەوی ڕووداوەكان بەو ئاراستەیەیە كە “لە ئێران بدات” و بۆ ئەو مەبەستەش مەشق دەكات و چەكی زیاتر كۆدەكاتەوە.

لە ڕاپۆرتێكیدا ماڵپەڕی “وای نێت”ی ئیسرائیلی، ئامادەكارییەكانی ئیسرائیل بۆ قۆناغی داهاتووی ملیملانێ لەگەڵ ئێراندا ئاشكراكردووە و باس لەوە دەكات كە ئیسرائیل زۆر ڕەشبینە لە ئەنجامی وتووێژی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا.

ئاشكرایكردووە، سوپای ئیسرائیل ئامادەكارییەكانی زیادكردووە بەمەبەستی لێدانی ئێران، ئەوەش لەڕێگەی زیادكردنی مەشقەكانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و كۆكردنەوەی زانیاری.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی وای نێت، حكومەتی ئیسرائیل هێلیكۆپتەر و بۆمب و چەكی وردكاری زیاتر دەكڕێت و چەك و كەرەستەی یەدەگی زیاتر كۆدەكاتەوە بۆ كڵاوەی ئاسنین كە سیستمی دژەمووشەكی ئەو وڵاتەیە.

ماڵپەڕی “وای نێت” دەڵێت، “سوپای ئیسرائیل دوودڵە لەوەی بیرۆكەی هێرشكردنەسەر ئێران بە جەماوەرەكەی ڕابگەیەنێت بەتایبەت لەكاتێكدا هێرشی لەو جۆرە زیانی گەورەی دەبێت و بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل پێشبینیدەكەن حزبوڵڵای لوبنانی بچێتە شەڕەكەوە، بەڵام نازانن هێزی هێرشكردنی حزبوڵڵا تا چ ڕادەیەكە، ئەوەش وای لە سوپای ئیسرائیل كردووە مووشەكی زیاتر بۆ سیستمی دژەمووشەكی خۆی بكڕێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هێرشی حزبوڵڵادا بۆسەر ئیسرائیل، كڵاوەی ئاسنین بەرپەرچی بداتەوە”.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران لە ڤییەنا كۆبوونەوە و دەستیانكردەوە بە وتووێژەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، ئێران دەیەوێت سزاكانی سەری لاببرێن و خۆرئاوا هەوڵدەدات سنوور بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دابنێت.

بەرپرسانی سەربازی لە دەستەی ئەركانی ئیسرائیل دەڵێن، “ئیسرائیل پەندی لە ڕابردوو وەرگرتووە، بۆیە تەنانەت ئەگەر ئەمریكا سەركەوتووبێت لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا، ئەوا ئیسرائیل لە خۆئامادەكردن بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران پاشەكشەناكات”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەفتالی بێنێت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە وڵاتانی خۆرئاوا كرد ملكەچی ئێران نەبن و نەچنە ژێرباری داواكانی و وتی، “ئێران هەوڵدەدات كۆتایی بە سزاكان بهێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ بكات و دەیەوێت پارێزگاری لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكات، ئەو دەیەوێت بە جارێك هەموو سزاكان هەڵبگیرێن و بەوەش دەستبەجێ سەدان ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت”.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران پەرەی دا بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی داوە و یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 60% پیتاندووە، لەكاتێكدا شارەزایان دەڵێن گەیشتن بە قۆناغی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، پێویستی بە یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 90% پیتێندراوە.

بابەتی پێشتر

كەسێك بەتۆمەتی فێڵكردن لە سلێمانی دەستگیركرا

بابەتی دواتر

كه‌شناسیی هه‌رێم ڕێژه‌ى بارانبارینى ئه‌مساڵى له‌ ناوچه‌كان بڵاوكرده‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share