سەدر: پەنابردنە بەر چەك بۆ خستنەڕووی داواكارییەكان ڕەتكراوەیە

لەبارەی پێشهاتە نوێیەكەی ئەمڕۆی بەغداد، موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، پەنابردنە بەر چەك بۆ خستنەڕووی داواكارییەكان ڕەتكراوەیە.

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئازار لەبارەی نمایشە سەربازییەكەی گروپێكی چەكدار لە بەغداد، لە تویتەر نوسیویەتی، “پەنابردنە بەر چەك بۆ بەدیهێنانی داواكارییەكان، كارێكی ڕەتكراوەیە، لەسەر حكومەت پێویستە چارەسەرێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە”.

سەدر ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو لایەنە هەستاوە نمایشكردنەكە، ئەگەر سەربە حەشد بێت، پێویستە ئەوان سزای بدەن، یان بێبەری بوونی خۆیانی لێ ڕابگەیەنن”.

سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار سوود و زیانی خۆی هەیە، بۆیە ئەو كارەمان لێگەڕاوە بۆ كەسانی شارەزا، ئەوانەی ئاگایان لە بابەتی ئابوری هەیە، بەڵام ناكرێت میلەت لەوە زیاتر زیانی پێبگات، بەتایبەت لەكاتی بوونی برسێتی و بەرزبوونەوەی نرخی شمەكەكان لە بازاڕدا، پێویستە حكومت چارەسەرێك بدۆزێتەوە بەبێ بەرزبوونەوەی نرخەكان و سزای بكەرانی بدات”.

لە خاڵی كۆتایی تویتەكەیدا سەدر نوسیویەتی، “ئەگەر ئەو میلیشیایە پێی وایە كە سۆزی گەل بەدەست دەهێنێت، نەخێر توندوتیژی دوورە لە سۆزی گەل”.

ژمارەیەك لە چەكدارانی بزوتنەوەی ڕوبعوڵا (ربع الله) مانۆڕی چەكداری لە چەند ناوچەیەكی بەغدادی پایتەخت ئەنجامدەدەن و پەیامێكی هەڕەشەئامێزیش بڵاودەكەنەوە.

بزوتنەوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئازار لەمیانەی مانۆڕەكەدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، نمایشەكە “پەیامی هەڕەشەیە بۆ ئەمریكا و دەستوپێوەندەكانی”.

دەشڵێت، پشتیوانیی داخوازییەكانی پەرلەمان دەكات بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی.

بزوتنەوەكە هۆشداریشدەدات لە پەكخستنی پەسەندكردنی بودجە لەپێناو “بەدەستهێنانی دەستكەوتە تایبەتەكانیان”، وەك ئاماژەیەك بۆ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەت ئەوە بزانن كە بێدەنگییەكەمان درێژەناكێشێت، ئەگەر داخوازییەكانی گەل جێبەجێ نەكرێت بەتایبەت داخوازی پارێزگاكانی باشوور لە بڕگەكانی بودجەدا.

گروپی ڕوبعوڵا، پێشتر گروپێكی چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو، لە بڵاوكراوەكانیەوە دەردەكەوێت كە كار لە بەرژەوەندی ئەو گروپە چەكدارە عێراقییانە دەكات كە بە لایەنگر و پشتیوانی ئێران دادەنرێن.

پێشتر لە چەند ڕوداوێكدا چەكدارانی گروپەكە هەڵیانكوتایەسەر نوسینگەی میدیاكان و بارەگای لایەنەكان و شوێنی دیكە و ئاگریان لە چەند شوێنێك هەڵایسان، بەبێ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان هیچ كاردانەوەیەك بەرامبەریان بنوێنن.

 

بابەتی پێشتر

قەلەڕەشەكان ئاسمانی عێراقیان تەنی

بابەتی دواتر

توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم هەڵكشا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share