داوای دەستلەكاركێشانەوەی “پارێزگاری دووەم” دەكرێت

هێزێكی سوپا و پۆلیس لە پارێزگای زیقار بڵاوكرانەوە و خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری نوێ دەكەن.

ئەو هێزەی ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، جێگەی هێزی ڕوبەڕوبوونەوەی پشێوی دەگرێتەوە وعەبدلغەنی ئەسەدی، پارێزگاری نوێی زیقار دەڵێت، “ناردنی ئەو هێزانە بۆ پارێزگاكە، بەدەمەوەچوونی داواكاریی خۆپیشاندەرانە.”

ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییەی ناوەندی پارێزگای زیقار سەریهەڵداوەتەوە و سەرباری دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگار، خۆپیشاندەران گۆڕەپانەكان چۆڵ ناكەن.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای پارێزگای زیقار و داوای دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاریان كرد.

هەمان ڕۆژ نازم وائلی پارێزگاری پێشووی زیقار، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد و دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.

دوێنێ شەممە عەبدلغەنی ئەسەدی، وەك پارێزگاری نوێی زیقار دەستبەكاربوو، بەڵام ئەمڕۆ خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن.

ماوەی ساڵ و نیوێكە زۆربەی ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندان لە زیقار ئەنجامدەدرێت، خۆپیشاندەرانی پارێزگاكە هەموو جارێك ڕوودەكەنە گۆڕەپانی حبوبی كە شوێنی خۆپیشاندانەكانی ئەو پارێزگایە و دەكەوێتە ناوەندی شاری ناسڕییە، بەڵام ئەم هەینییە هەڵیانكوتایە سەر بارەگای پارێزگا.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق توشبوونی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: گەورەترین بەشی چاودێریی چڕمان بۆ توشبووانی کۆرۆنا کردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share