بەشێك لە شیعەكان هەوڵێكی پەرلەمانی بەرامبەر زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ دەستپێدەكەن

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ژمارەیەك فراكسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێكیان دەستپێكردووە بۆ ناچاركردنی حكومەت دەربارەی ئاشكراكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا و، وردەكاری بڕیارەكەی ئەمدواییەی ناتۆ بە زیادكردنی هێزەكانی لە عێراقدا.

سەرچاوە سیاسییەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات ئاشكرایانكرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا میوانداری قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی دەكرێت بۆ گوێبیستنی شیكردنەوەیەكی ورد دەربارەی بڕیاری زیادكردنی هێزەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عێراق و سروشتی ئەركەكەیان و، گەیشتنە ئەو ڕاستییەی حكومەت خۆی داوای ئەو زیادبوونەی كردبێت.

سایتی (عەرەبی جدید) بڵاویكردەوە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوەدا هەریەك لە هاوپەیمانی (فەتح) و (دەوڵەتی یاسا) كەوتونەتە جوڵە بۆ دەركردنی بڕیارێكی نوێی پەرلەمان، كە حكومەت ناچاربكات هەڵوێستی فەرمی خۆی دەربارەی ژمارەی هێزە بیانییەكانی ناو عێراق و بەتایبەتی ئەمریكا دەرببڕێت، لەگەڵ شوێنەكانی بڵاوەپێكردنیان و سروشتی ئەركی ئێستایان، بەهەمان شێوە دۆسیەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق بۆ هەشت هێندەی ژمارەی پێشوویان.

پێشتر قاسم ئەعرەجی وتی، ناتۆ بە ڕەزامەندی حكومەت و هەماهەنگی لەگەڵیدا كاردەكات.

ئەعرەجی لە تویتێكدا ئەوەشی وت، “ئەركەكەی ڕاوێژكاریی ڕاهێنانە، نەك شەڕ، هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەكەین و، سود لە شارەزایی و ڕاهێنانەكانیان دەبینین، بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری و هیچ ڕێككەوتنێكیش نییە دەربارەی ژمارەی ڕاهێنەران”.

لە وەڵامی ئەوەشدا عەباس زاملی، ئەندام لە فراكسیۆنی فەتح وتی، پەرلەمان پێویستە ڕەزامەندی لەسەر هەر زیادبوونێكی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق بدات و هەر زیادبوونێك لەو هێزانە پێویستە لەڕێی پەرلەمان و بە ڕەزامەندی ئەو بێت.

ئەوەشی وت، “عێراق پێویستی بەهیچ هێزێكی بیانی نییە”.

هەفتەی ڕابردوو ینس ستۆلتنبرگ، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی فراوانكردنی ئەركی ناتۆی لە عێراق و زیادبوونی قەبارەی هێزەكانی بۆ هەشت هێندە ڕاگەیاند.

وتیشی، “بڕیارماندا بە فراوانكردنی ئەركی ڕاهێنانی ناتۆ لە عێراق، ئەركەكەمان لە 500-ەوە بۆ نزیكەی چوار هەزار سەرباز زیاددەكات، ڕاهێنانەكانی ئێستاش زۆرێكی دیكە لە دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكانی دەرەوەی بەغداد دەگرێتەوە”.

ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕەزامەندی و پشتیوانی زۆرینەی شیعەكان بڕیارێكی بۆ كۆتایی هێنان بە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان پەسەندكرد، بڕیارەكە بە چەند ڕۆژێك بوو پاش هێرشە موشەكییەكەی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كە بەهۆیەوە هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس كوژران.

پێدەچێت هەوڵەكەی ئەمجارەش بۆ دەركردنی بڕیارێكی هاوشێوە بێت.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ دەزگای دەستپاکی: ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانتان دروستبکات

بابەتی دواتر

لە نەبوونی مردندا چی ڕودەدات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share