ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە، نابێت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ، بەشێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدان، بەڵکو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا دەستەبەربکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ـی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، خستەڕوو.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی سەردانی وەفدی باڵای حکومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و بەشداریی وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسیەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ کرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون؛ بۆیە پێویستە بودجەی گشتیی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادەبکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەشکردەوە، کە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14٪)ی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێریی گشتی دیاریبکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەربکرێن.
ئەنجومەنی وەزیران، وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، ئامادەکراوە و ماف و شایستەکانی هەرێم پێشێلدەکەن، ڕوونبکاتەوە و لەگەڵ پێشنیازە جێگرەوەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، ئاراستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدراڵی بکات، بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ڕەشنووسەکە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، ڕێگە نەدات ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ، بەشێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەربکرێن.
ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارەببنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم، پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، جەختیکردەوە کە حکومەتی هەرێم بە ڕوونی و شەفافی هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی، خستووەتە بەردەستی حکومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەردوو حکومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجامدەدرێت؛ بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێبنەما و بێبەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنە، لە بودجەدا بسەپێندرێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانیی خۆی بۆ وەفدی دانوستانکاری دووپاتکردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی شەراکەتی فیدراڵیی پتەوتر بکات.