وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، فەرمانبەرانی گرێبەست، لە بودجەی داهاتوودا دەکرێنە هەمیشەیی.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە ڕایگەیاند، وەزارەتەکە لە کارکردنی بەردەوامدایە تا داتا و زانیاریی پێویست کۆبکاتەوە و تێچووی دارایی پەیوەست بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە شێوەی هەمیشەیی، ئەژماربکات.
وتیشی، وەزارەت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی گرێبەست و مووچەی فەرمانبەراندا کردووە و کار بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانیش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە قۆناغی داواکارییەوە، گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی گرتنەبەری ڕێکارە ڕەسمییەکان، کە لە خستنەڕووی لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی نوێدا، خۆی دەبینێتەوە.