عیماد ئەحمەد: سیاسەتی یەکێتی لەسەر ئاستی باڵای ئێران بە گرنگ پێشوازیی لێکرا

عیماد ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت، ستراتیج و سیاسەتی یەكێتی لەسەر ئاستی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمایەتی، بە گرنگ و نیشتمانیی و بەرپرسیارانە پێشوازیی لێكراوە.

لەبارەی كۆبوونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی باڵا پێشوازیی گەورەیان لە سەرۆک بافڵ و وەفدی یەكێتی كرد، بەشێوەیەک، لە هەموو كۆبوونەوەكاندا بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتییان ڕووانی لە هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان.

وتیشی، لە هەموو كۆبوونەوەكانماندا لەسەر هەر سێ ئاستی سیاسی، ئەمنی و ئابوری، گفتوگۆی چڕ و بونیادنەرانەمان كرد، بەشێوەیەک لە خزمەتی هەرێمی کوردستان، عێراق، كۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوچەكەش بێت.

عیماد ئەحمەد ئاشكراشیكرد، ئەوەی بۆ یەكێتی گرنگە، پەیڕەوكردنی سیاسیەتی شەراكەت و هاوسەنگییە لەگەڵ هەموو لایەک، چونكە تەئكیدمان كردووە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ بۆ ئێمە ڕێزلێگراو و گرنگە و قەت نەبووینە و نابینە بەشێک لە كێشە و ئاڵۆزییەكان؛ بەڵكو كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و لەو ڕووەوە، سەرۆک بافڵ بە ڕاشكاوی ستراتیجی یەكێتیی دووپاتكردەوە كە ئەمە لەسەر ئاستی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشوازیی گەرمی لێكراوە.

لە میانی لێدوانەكەیدا ئەوەشی وت، “كۆبوونەوەكانمان لە تاران بەردەوامدەبن و ئەوەی لە هەموو كۆبوونەوەكانیشدا بینیمان، بە ڕێزەوە مێژووی تێكۆشان و ڕۆڵی سەرۆک مام جەلالیان خستەوە بەرباس و ستایشی پێگەی سەرۆک بافڵ و یەكێتییان كرد لە بەرامبەر ڕۆڵمان لە ڕووداوەكان و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەدا، كە ئەمەش سیاسەتە دروستەكەیە كە ئامانجمانە پێكەوە هەموومان كاربكەین بۆ خزمەتی وڵات و گەل و نیشتمانەكەمان، دوور لە توندوتیژی”.

عیماد ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەكی گرنگی هەیە و سەرۆک بافڵ و یەكێتیش لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە مێژوویی و هاوبەشەی هەیە لەنێوانمان، ڕوئیای یەكێتیی لە نزیكەوە خستەڕوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share