بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ کاریزما لە پاراستنی هاوسەنگی و دوورخستنەوەی هەرێم لە ململانێ ناوچەییەکاندا

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندینجار لە کاردانەوەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی نیشتمانییانەی هەبووە و وەک نێوەندگیر و پارێزەری خەڵکی کوردستان، ڕەفتاری کردووە.

شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر خاکی عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەمیشە وەک نێوەندگیرێکی چالاک لە هەرێمی کوردستان و بەغداد کاری کردووە بۆ ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگەکان. ئەو هەمیشە لایەنە عێراقی و هەرێمییەکانی هانداوە بۆ پابەندبوون بە سەروەریی نیشتمانی، بە شێوازێک، کە بنکە سەربازییەکان یان کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان، نەبنە ئامانجی هێرشی تۆڵەسەندنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی هاوپەیمانیی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوشانی هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆ و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دراوسێیەکی کاریگەر، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، سیاسەتێکی زیرەکانەی سەرۆکی یەکێتی بوو کە کاریگەریی ئەرێنیی بەرچاوی هەبووە.

هاوکات شارەزایەکی سیاسیی نێودەوڵەتی لەبارەی پەیامەکەی ئەم دواییەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەوەی ئاشکراکرد، ئەم پەیامە وەرچەرخانێکی گرنگ لە شێوازی وتاری سەرۆکی یەکێتیدا نیشاندەدات، کاتێک دەڵێت، “نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبوونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە”، ئەمە ڕەنگدانەوەی چەند خاڵێکی گرنگە، وەک:

– لەکاتێکدا لە ڕابردوودا جیاوازیی دیدگا لە نێوان هێزە کوردییەکاندا هەبوو لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەم پەیامەدا بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە “شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین”، ئەمەش پەیامێکی ناوخۆیی و دەرەکیی بەهێزە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان یەک پارچەی گەورەیە و دابەش نەکراوە.

– پەیامەکە جەخت لەسەر بنەمای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکاتەوە و دەڵێت، “ئێمە بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیدا ناگەڕێین”، ئەمەش تەواو هاوتایە لەگەڵ هەوڵە دێرینەکانی بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە، بەڵام ئەمجارە هۆشدارییەکی ڕوون بە لایەنی هێرشبەر دەدات، کە سەلامەتیی هاوڵاتییان هێڵی سوورە!

– سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان هێشتا دەیەوێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە ڕێگەی پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بەرپەرچی ئەم پێشێلکارییانە بداتەوە، نەک بە ڕاکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆ و ماڵوێرانکەر.

ئەو شارەزایەی سیاسی ئەوەشی نەشاردەوە، کە یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و جووڵە دیپلۆماسییەکانی پێشووی، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕە ڕاگەیاندن و میدیاییە بوو کە لە کاتی تەنگژەکاندا لە ناوخۆی هەرێمدا سەریهەڵدا؛ کاتێک لە ڕابردوودا هێرشدەکرایە سەر پارێزگای سلێمانی (چ وەک هێرشی درۆنی یان فشاری ئابوری و ئەمنی)، میدیاکانی باڵی دەستڕۆیشتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵیاندەدا دۆخەکە بقۆزنەوە و بارودۆخی سلێمانی بە ناسەقامگیر و ناپارێزراو نیشانبدەن و وەک خاڵێکی لاوازی ئەمنی و سیاسی بەکاریبهێنن.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم شەڕە میدیاییەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەم پەیامە نوێیەیدا و لە هەڵوێستەکانی پێشووشیدا، ستراتیجیەتی “بازدان بەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا”ـی پەیڕەوکردووە و بێ گوێدانە ئەو هێرشە ڕاگەیاندنانەی کە ئاراستەی زۆنی خۆی دەکران، لە کاتی کەوتنی مووشەک بەسەر هەولێردا، پرسی پاراستنی هاوڵاتییانی خستە سەرووی هەموو ململانێیەکی حزبییەوە. بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە “هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان، هێرشە بۆ سەر هەموومان”، پەیامێکی ڕوونی دایە کادرانی میدیایی و سیاسی کە لە کاتی مەترسییە دەرەکییەکاندا، سنوورە حزبییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی کاڵدەبنەوە.

ئەو شارەزای سیاسییە وتی، “ئەم هەڵوێستە نەک هەر هاوسۆزییەکی تەواو بوو لەگەڵ خەڵکی هەولێر، بەڵکو وەڵامێکی ناڕاستەوخۆش بوو بۆ ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە دەیانویست پرسی ئەمنی و هێرشە دەرەکییەکان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی ناوخۆیی بەکاربهێنن. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیشانیدا کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و گیانی هاوڵاتییان لە هەر شوێنێکی هەرێم بن، یەک پاکێجی گەورەیە و نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی میدیایی”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەی بەناوكردنی خانووە زیادەڕۆییەكان كۆتایی بە وەرگرتنی داواكاریی هاوڵاتییان هێنا

سەرۆكی لیژنەی بەناوكردنی خانووە زیادەڕۆییەكان لەپارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی داواكاریی هاوڵاتییان بۆ بەناوكردن و تاپۆكردنی خانووەكانیان كۆتاییهاتووە تاوەكو…
زیاتر ببینە

ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی: پێشێلکاریی یاسایی لە ناوی ئەندامانی کۆنگرەدا کراوە

ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیەنێت، “پێشێلکاریی یاسایی لە کۆنگرەدا کراوە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکی تەندروست…
Total
0
Share