سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دڵنیاییدا کە تا دوو مانگی دیکە قەیرانی غاز دروستنابێت و وتیشی، ئەمڕۆ میکانیزمى نوێ بۆ دابەشکردنی غاز ڕادەگەیەندرێت.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی دابینکردنی غاز هەیە، سەرچاوەی یەکەمیان کە کێڵگەی غازی کۆرمۆرە، وەستاوە، ئێمە ئێستا بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەی دووەم، کە حکومەتی عێراقە، غاز دابەشدەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕێکی زۆرباش لە غازی کۆگاکراومان هەیە و پێشبینی دەکەین کە تا دوو مانگی دیکە کێشەی کەمیی غازمان بۆ دروستنەبێت، هەروەها داواکارین لەو ڕووەوە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاوڵاتییان دروستنەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ لە قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدرێت و تیایدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە لەمەودوا بە چی شێواز و میکانیزمێک غازی ماڵان دابەشبکرێت.