بەهۆی زۆری ڕێژەی سەرپێچی و ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە چەند شوێنێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، 23 کامێرای تیژڕەویی نوێ لە چەند شوێنێکی شەقامەکە جێگیردەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، ژمارەی کامێراکانی تیژڕەوی لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانی، لەئێستادا 17 کامێرایە؛ بڕیارە 23 کامێرای دیکەی تیژڕەوی زیادبکرێن، بەمەش ژمارەی کامێراکانی تیژڕەوی لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەبێتە 40 کامێرا.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە کامێراکان لەو شوێنانەدا جێگیربکرێن کە زۆرترین سەرپێچییان تێدا ئەنجامدەدرێت و ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ تیایاندا زۆرە، کە بریتین لە بەنزینخانەی بینایی بۆ پردی کۆبانێ، چاڤیلاند و پردی دەباشان.