لەمەودوا 24 کاتژمێر مەفرەزەی ئاسایش و هاتوچۆ لەسەر شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەبن

پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی

بەهۆی زیادبوونی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، لەمەودوا 24 کاتژمێر مەفرەزەی هاتوچۆ و ئاسایش لەسەر شەقامەکە دەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین سەرپێچی لە شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی بەدیکرا، لە ئێستادا چەند مەفرەزەیەکی هاوبەش کە پێکهاتوون لە مەفرەزەکانی هاتووچۆی سلێمانی، مەفرەزەی پۆلیس و بەرگری فریاکەوتن بەشێوەیەکی بەردەوام لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 7ـی ئێوارە لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ئامادەییان دەبێت و لێپێچینەوە لە هەر کارێکی نایاسایی و سەرپێچییەک دەکەن.

ڕوونیشیکردەوە، لەدوای ئەوان، لە کاتژمێر 7ـی شەوەوە شەش مەفرەزەی ئاسایشی سلێمانی بۆ هەمان ئەرک ڕادەسپێردرن و لە خزمەت هاوڵاتییانی شارەکەدا دەبن تاوەکو کاتژمێر 8ـی بەیانی.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کارەیان بەمەبەستی سەلامەتیی هاوڵاتییان و نەهێشتن و بنبڕکردنی سەرپێچییە جۆربەجۆرەکانی هاتوچۆ و هەر کارێکی دیکەی نایاساییە کە لەسەر شەقامەکە ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share