کاروان ئەنوەر: وەرە جنێوت پێبدەن و ئیملاكەشیان هەڵە بێت

کاروان ئەنوەر، نووسینێکی بە ناونیشانی ‘جنێو’ لە (سێگۆشەی خڕ) کە گۆشەیەکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاوکردووەتەوە.

دەقی نووسینەکە:

‎لە هەندێك شوێن بە جنێو دەڵێن (جوێن، جمێن)، وشەیەك، زاراوەیەك، ڕستەیەكە بۆ شكاندنی بەرانبەر بەبێ بەڵگە، بۆیە نازناوی (دەمپیس) بۆ جنێوفرۆش بەكاردێت، پێشتر لە ئاخاوتنی كوردەواریدا وا باو بوو، ئەگەر جنێوێك بدرایە، چەند زاراوەیەكی ئەدەبدار وەك پێشگر دادەنران، بۆ نموونە، ئەگەر باسی پیڵاو یان سەگ یان پیسایی یان خیانەت بكرایە، لەبەردەمیدا دەوترا (پەرژینێكی قایم بێت، دووربێت لە ڕووتان، بیلا تەشبیە، بیلا مەعنا، شەیتان گوێی كەڕ بێت، لەم مەجلیسا بەگوڵ بێت، حەیا چوو خۆم، هتد..).

لە ئەدەبیاتی جوانیی قسەكردندا، زمانەكەمان شەرمی لێدەتكا، گەورە لەگەڵ بچووك ڕێزی هەبوو، بچووك بۆ گەورە شەرمی هەبوو، وشەیەك نەدەوترا ئەگەر شیكارێكی جوان و نەستەقی نەبوایە، باشترین و تۆكمەترین زمانی خێزانیمان هەبوو، هەرگیز كەسی بەرانبەر بە وشە بریندار نەدەكرا، ژن لە ئەدەبیاتی بازاڕ و شەقامدا ڕێزی زمانیی هەبوو، هەموو جارێك وشەی ( ڕووسپی بیت، ڕوو سوور بیت، ڕەحمەت لە شیرت، خۆزگە بەو ماڵەی دەچیتە ناوی.) دەستەواژە و رستەی پڕ لە میهر و سۆز بۆ ژن داتاشرابوون كە هەرگیز زمانی میللەتانی تر ئەوەندە بەسۆز نەبوون لەگەڵ ژندا (حەوت كوڕەكەم، عەسای دەستم، چرای ماڵم، ئاوەدانیم..هتد) تەنانەت لە ئیدیۆمەكەماندا دەوترا (سەگ لە ژن ناوەڕێت)..

ئێستا زمانەكە بەجۆرێك گۆڕاوە، بەشی هەرە زۆری رستەكان بەتایبەت لای نەوەی تازە، هەمووی دەبێت طوطي لەسەر دابنرێن، كلیلی سۆڵی ڕستەكان (FUCK) ـە، ئەوانی ترهەمووی +18 ن، جا داماوێك لە سۆشیاڵمیدیا بابەتێك یان پۆستێك بكات و بەدڵی جنێو فرۆشەكان نەبێت، (كە ئەمانیش دوو جۆرن، هەندێكیان جنێوەكانیان بۆ دەنووسرێنەوە، هەندێكیشیان هەر لە شەریكەوە شەیدای جنێون)، سوكایەتی بە هەموو ژنی تایەفەو حزب و كۆمپانیا و حكومەت لە كچ و ژن و دایك و نەنك و پور و هەموو كەسوكارەوە دەكەن: درێغا و سەد حەیف بۆ ئەو زمانە جوانەمان چی بەسەرهات!!؟؟ ، قسەیەكی دستۆیفسكی م بیركەوتەوە كە دەڵێت: كە بابەتم بڵاودەكردەوە، سەدان جنێویان بۆ دەنووسیم، لەخەمی جنێوەكاندا نەبووم ئەوەندەی خەمم لە رێنووسە هەڵەكانیان دەخوارد، جا وەرە جنێوت پێبدەن و ئیملاكەشیان هەڵە بێت!!

* جنێو: شكاندنی بەرانبەرە تاك بێت یان كۆ بە وشە و ڕستەی پڕ سوكایەتی بە داتاشراو یان وەسفی سووك، بە تۆمەتباركردن بەبێ بەڵگەی تاوان.

* تۆمەت: ناوبردنی بەرانبەر بە تۆمەتێكی سێكسی، رەوشتی، ئایینی، كۆمەڵایەتی، ئابوری بە بێ بەڵگە.

* ناوزڕاندن: دانان و بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەسەر كەسێك، شارێك، حزبێك، بەمەبەستی زیانگەیاندن بە ناو و ناوبانگ و كەسایەتیی خودی و خێزانی و بنەماڵەیی و شاریی.

جگە لەم سێ حاڵەتە چەندین حاڵەتی تر هەن دەچنە خانەی جنێو، مەبەست لێیان گەیاندنی قسەیە بە لایەنی سێهەم:

1- جنێودەر..

2- جنێوپێدراو..

3- مەكۆی پرۆسەكە وەرگرە (گوێگر یان خوێنەر)..

بەبێ بەڵگە و سەلماندن، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوە لە میدیا، سۆشیال میدیا، قسە و قسەڵۆكی ناو كۆڕ و مەجلیسان، چەندین جۆر و ستایل و داهێنانی خراپی تر هەن لەوانەش (سوكایەتی، ناشیرینكردن، زانیاریی ناڕاست، بێزاریی، لۆمە، بوختان، ناتۆرە، برینداركردن، گاڵتەجاڕی….هتد)، لە كۆی ئەم هەموو جۆرە لە جنێو و داهێنانە بە دیوە خراپەكەیدا، مافی هەر كەسێكمانە بپرسین؟

بۆچی ئەم كلتورەمان لە ئەدەبیاتی خۆپارێزیەوە گۆڕا بۆ جنێوفرۆشی؟

ڕەنگە زۆرینەمان وەڵامی ئەم پرسیارە بزانین، بەڵام كەس خۆی لە قەرەی وەڵامی قورس نادات، ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی: لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بە مۆلیدەکان دەکەین

سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، رایگەیاند، لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بە مۆلیدەکان دەکەین. عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی…
Total
0
Share